قایمقامی شنگال: بەغدا بەردەوام كێشەی بۆ ئێزیدی و شنگالییەكان دروست كردووە

قایمقامی شنگال: بەغدا بەردەوام كێشەی بۆ ئێزیدی و شنگالییەكان دروست كردووە
شاندێكی شنگال بە سەرۆكایەتی قایمقامی شارەكە؛ مەحما خەلیل؛ لە ئەمەریكان بۆ كاركردن لەسەر پرسی جینۆسایدی ئێزیدییەكان و ئاوەدانكردنەوەی شنگال و هەموو ئەو گازندانەی كە لە دەسەڵاتدارانی بەغدا هەیانە دەخەنەڕوو.

مەحما خەلیل قایمقامی شنگال راگەیاند كە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریكا جەخت لەسەر بەجینۆساید ناساندنی دۆسیەی ئێزیدییەكان دەكەنەوە و داوای هاوكاری بۆ ئاوەدانكردنەوە و رزگاركردنی ئەو ئێزیدییانە دەكەن كە لە دەستی داعشدا ماون.

قایمقامی شنگال رایگەیاند شنگال لە دوای ئازادكردنیشی تووشی زۆر كێشە بووە و پەكەكە خۆی دەسەپێنێ و بەغداش هاوكارییان دەكات؛ بۆیە پێویستە هەموو لایەك لەوە تێبگەن كە واز لە ئێزیدییەكان بێنن و خەم و ئازاڕەكانیان زیاتر نەكەن.

مەحما خەلیل گوتی بەغدا هەمیشە كێشەی بۆ ئێزیدی و شنگالییەكان دروست كردووە و كاتی ئەوە هاتووە كە دەنگی شنگالییەكان بگەیەننە وڵاتانی جیهان بۆ ئەوەی چیتر ئەو زوڵمە قبوول نەكرێت.
Top