لە ماوەی ڕابردوو زۆرتین ئەمیری داعش کراونەتە ئامانج

لە ماوەی ڕابردوو زۆرتین ئەمیری داعش کراونەتە ئامانج
فەرماندەیەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، لەماوەی رابردوودا، زۆرتین ئەمیر و گەورە بەرپرسانی داعش بوونەتە ئامانجی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

سەربەست تڕوانشی، بەرپرسی میحوەری ناوەرانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ڕابگەیاند: “بەپێی پێشبینیی خۆیمان، لە سەرجەم ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر داعش لەلایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستان و فرۆکەی هاوپەیمانانەوە، بەشێکی زۆریان گەورە بەرپرس و ئەمیری داعش بوون، بەتایبەتی لە هێرشەکانی ناوەران و باشیک و تەلسقۆف کە بەشێکیان لەئاستی وەزیر بوون و بەشێکیشیان داڕێژەری پیلانی هێرشەکەی داعش بوون بۆ سەر کوردستان”.

ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە ڕوونیشی کردەوە، داعش بارەگا بەهێزەکانی بۆ بنکەی سەربازی گۆڕیوە، چونکە بەشێک لە هێزەکانیان بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەی هاوپەیمانانەوە شپرزە کردووە، بۆ ئەوەی نەبنە ئامانج، ئەمەش کاریگەری لەسەر لاوازبوونی هێرشەکانیان کردووە.

بەپێی زانیارییەکان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە میحوەری مەخموور، یەکێک لەو چەکدارە کوردانەی داعش کوژرا کە پێشمەرگەی دیلی شەهید کردبوو و هێزە ئەمنییەکانی کوردستانیش بەڵێنی بەسزاگەیاندنیان دابوو.









باسنیوز
Top