حكوومەتی هەرێمی وەڵامی جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران دەداتەوە و دەڵێ بە هیچ شێوەیەك هەڕەشە قبووڵ ناكەین

حكوومەتی هەرێمی وەڵامی  جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران دەداتەوە  و دەڵێ بە هیچ شێوەیەك هەڕەشە قبووڵ ناكەین
حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک وەڵامی هەڕەشەكانی جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی دەداتەوە.



لەو ڕاگەیەندراوەدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی سەردار سەلامی، جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران دەداتەوە و دەڵێ حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەڕەشەكانی سەردار سەلامی ڕەت دەكاتەوە و دراوسێیەتییەكی هەمیشەییی باش وەك بنەمای پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێران دەبینێت .



لە بەشێکی دیکە لە ڕاگەیەندراەوەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە: "ئێمە وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە گرنگییەوە لە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران دەڕوانین و لە هەوڵداین بۆ پێشكەوتنی بەردەوام و زیاتری ئەو پەیوەندییانە لە هەموو بوارەكاندا، لەبەر ئەوەش ئەو هەڕەشانە زۆر نەگونجاون لەگەڵ ئەو ئاراستەیەدا."




دەقی ڕاگەیەندراوەکەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان :



سەردار حوسێن سەلامی، جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، دوێنێ لە وتاری نوێژی هەینیدا لە شاری تارانی پایتەختی ئێران، هەڕەشەی وێرانكردنی هەرێمی كوردستانی لە حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستان كرد.



ئێمە بە توندی ئەو هەڕەشە نابەجێیەی سەردار سەلامی ڕەتدەكەینەوە و بە هەڵوێستێكی نەگونجاوی دەبینین لەگەڵ پەیوەندیی لەمێژینە و دۆستانەی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران. بەتایبەتیش كە لەو ماوەیەدا گفتوگۆی پڕ لە تێگەیشتن و دۆستانە هەبوون لەنێوان هەردوولادا، بەڵام ئەو هەڕەشەیە بە تەواوی پێچەوانەی سروشتی ئەو گفتوگۆیانە بووە كە لەنێوان هەردوولاماندا هەبووە و بە هیچ شێوەیەك ئەو هەڕەشانە خزمەتی پەیوەندییەكانمان ناكەن و نابێ بە هیچ شێوەیەك ئەو زمانە بەرامبەر هەرێمی كوردستان بەكار بهێندرێت.



ئێمە وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە گرنگییەوە لە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران دەڕوانین و لە هەوڵداین بۆ پێشكەوتنی بەردەوام و زیاتری ئەو پەیوەندییانە لە هەموو بوارەكاندا، لەبەر ئەوەش ئەو هەڕەشانە زۆر نەگونجاون لەگەڵ ئەو ئاراستەیەدا .



حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕوانگەی پاراستنی پەیوەندی و گەشەپێدانی هاوكاریی دۆستانە و جێبەجێكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكان و بنەمای دراوسێیەتیی باش و دۆستایەتی و هاوكاریی هەمیشەیی، بەردەوام ویستوویەتی هۆكاری سەقامگیری و ئاشتییەكی ڕاستەقینە بێت لەپێناو بەرژەوەندیی گەلانی ئێران و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ناوچەكەدا، هەربۆیەش نەمانویستووە و نامانەوێت خاكی هەرێمی كوردستان ببێتە سەرچاوەی هێرشكردنە ناو خاكی ئێران و هیچ دەوڵەتێكی دراوسێی هەرێمی كوردستان.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان

2-7-2016
Top