کەسێک خوشکەزاکەی خۆی بۆ ئۆتۆمبێلەکەی دەکوژێت

کەسێک خوشکەزاکەی خۆی بۆ ئۆتۆمبێلەکەی دەکوژێت
نزیکەی ١٥ رۆژ بەر لەئیستا کەسێک خوشکەزاکەی خۆی بۆ ئۆتۆمبێلەکەی دەکوژێت، دوای 12رۆژ لە ئەنجامدانی تاوانەکەشی لەلایەن ئاسایشی سۆران دەستگیر دەکرێت.

دوای ئەوەی شوانێک تەرمی کەسێکی لە نزیک سنووری شارەدێی گاپیلۆن-ی سەر بە شارۆچکەی شارباژێڕ دۆزییەوە، پۆلیسی لێ ئاگادارکردەوە، لە لێکۆڵینەوەی پزیشکی دادی سلێمانیش دەرکەوت کە ئەو کەسە هەمان رۆژی دۆزینەوەی تەرمەکەی کوژراوە.

بەپێی ئاسایشی سۆران بۆ تۆڕی میدیایی رووداو " کوژراو و بکوژ خەڵکی هەڵەبجەن، بکوژ دوای کوشتنی خوشکەزاکەی ئۆتۆمبێلەکەی لە سنووری پارێزگای سلێمانی فرۆشتووە و ویستوویەتی بە پارەکەی بچێتە دەرەوەی وڵات".

هەر بەپێی ئاسایشی سۆران " بکوژەکە دەیویست لە سۆرانەوە بە قاچاخ بچێتە دەرەوەی وڵات، بەڵام دەستگیرکرا و کە دەستگیریش کرا نەدەزانرا کەسێکی کوشتووە".

"بکوژ نزیکەی 4 هەزار دۆلاری پێبوو کاتێک دەستگیرکرا و زۆر شێوابوو" ئاسایشی سۆران رایگەیاند " لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە دەرکەوت ئەو کەسێکی کوشتووە کە خوشکەزای خۆیەتی بۆیە وا شێواوە".



رووداو
Top