سەرۆکایەتی هەرێم دەنگۆیەک بە درۆ دەخاتەوە

 سەرۆکایەتی هەرێم دەنگۆیەک بە درۆ دەخاتەوە
گوتەبێژی فەرمیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی لەسەر بەڕێز فەرەیدوون عەبدولقادر لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە كۆمەڵێك میدیا و دەزگەی ڕاگەیاندنەوە بڵاو كراوەتەوە كە گوایە بووەتە ڕاوێژكاری بازرگانیی سەرۆك بارزانی، رایگەیاند کە، ئەم دەنگۆیە دوورە لە ڕاستی و هیچ ئەساسێكی نییە و پۆستی لەمجۆرەیش لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بوونی نییە.

دەقی لێدوانەکە:

لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی لەسەر بەڕێز فەرەیدوون عەبدولقادر لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە كۆمەڵێك میدیا و دەزگەی ڕاگەیاندنەوە بڵاو كراوەتەوە كە گوایە بووەتە ڕاوێژكاری بازرگانیی سەرۆك بارزانی، لێرەدا بە هەموو لایەك ڕادەگەیێنین كە بەڕێز فەرەیدوون عەبدولقادر پیاوێكی خەباتگێڕ و نیشتیمانپەروەرە و پێشتریش سەركردەیەكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بووە. هەروەها وەك دۆستێكی نزیكی زۆرجار سەردانی سەرۆك بارزانیی كردووە و جەنابیان ڕێزێكی تایبەتی بۆی هەیە.
بەڕێز فەرەیدوون عەبدولقادر خۆی بڕیاری داوە لە بەرپرسیارێتی دوور بكەوێتەوە ئەگینا ئەو هەمیشە دەتوانێ ڕۆڵی خۆی ببینێت. ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەكەن كە بووەتە ڕاوێژكاری سەرۆك بارزانی لە كاروباری بازرگانی دوورە لە ڕاستی و هیچ ئەساسێكی نییە و پۆستی لەمجۆرەیش لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بوونی نییە.

د. ئومێد سەباح
گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
30ـی 6ـی 2016
Top