بەرپرسێکی یەکێتی: نەمانتوانیوە کەسی شیاو لە شوێنی شیاودا دابنێین
دوای ئەوەی پارتی دیموکراتیی کوردستان بڕیاری گۆڕانکاری لە پۆستە ئیدارییەکانی پارێزگای هەولێر دا، پرسیاری ئەوە هاتە پێشەوە کە ئایا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لە سنووری سلێمانی هەمان هەنگاو دەنێن؟ لەمبارەیەوە ڕێباز بێرکۆتی، سەرۆکی لیستی سەوز لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، ڕایگەیاند: “لە سەرەتای دامەزراندنی یەکێتییەوە، بڕوامان بەخوێنی تازە هەبووە و بەم سیستەمەی کە هەیە، گۆڕانکاری بکرێت، چونکە زۆر جار بەرپرسێکی حکوومی بۆ ماوەیکی یەکجار زۆر لەپۆستەکەیدا دەمێنێتەوە، واباشترە گۆڕانکاری تێدا بکرێت، بۆ ئەوەی ئۆرگانەکان کارا بکرێت”.
ئەو بەرپرسەی یەکێتی دانی بەوەدا نا کە یەکێتی و هێزە سیاسییەکانی دیکەش، “نەمانتوانیوە وەک پێویست کەسی شیاو لە شوێنی شیاو دابنێین، لە کاتێکدا کەسانی زۆر باش و بەتوانا هەیە کە دەبێت پشتگیرییان لێبکرێت". بەو هۆیەوە بەباشی دەزانێت گۆڕانکاریی فراوان بکرێت و سەرجەم شوێنەکان بگرێتەوە.
هەرچەندە ئێستا یەکێتی و گۆڕان ڕێککەوتنێکیان لە نێواندا هەیە و باسیش لە چاکسازی دەکەن، بەڵام جگە لە پارتی لە هەرێمی کوردستان، هیچ یەکێک لە لایەنە سیاسییەکانی دیکە، تاوەکوو ئێستا چاکسازییان ڕانەگەیاندووە.
باسنیوز
