لە شنگال پێشمەرگە هێرشێکی داعشی تێکشکاند
خەلیل شڤان، بەرپرسی ڕاگەیاندنی فەرماندەیی شنگالی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ڕاگەیاند، سەعات 4:20 دەقیقەی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ 30\6\2016، چەکدارانی داعش هێرشێکیان کردە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە میحوەری (هەمدان)ی سەر بە شاری شنگال، بەڵام پێشمەرگە بە توندی ڕووبەڕوویان بووەوە و هێرشەکەی تێکشکاندن.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە ئەنجامی تێکشکاندنی هێرشەکەدا، زیانێکی گەورە بەر داعش کەوتووە و فڕۆکە جەنگییەکانیش سێ هێرشیان بۆ سەر ئەو هێزەی داعش ئەنجام داوە کە لە هێرشەکەدا بەشدار بوون. گوتیشی: ”ئێستاش تەرمی ژمارەیەک لە تیرۆریستەکان لە مەیدانی شەڕدا جێ ماوە“.
بەپێی زانیارییەکان، هاوکات لەگەڵ هێرشەکە، فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان، بنکەکانی داعشیان لە گوندەکانی (قابووسی و ڕامبووسی) لە سنووری شنگال بۆردومان کردووە و زیانێکی زۆریان بە داعش داوە.
باسنیوز
