نێچیرڤان بارزانی بۆ ئێران: نیگەرانین لە بۆردوومانەکانی سەر سنوور

 نێچیرڤان بارزانی بۆ ئێران: نیگەرانین لە بۆردوومانەکانی سەر سنوور
نێچیرڤان بارزانی ، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێكی باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران دەكات و نیگەرانی خۆی بەرامبەر بۆردوومانەکانی سنووری هەرێمی کوردستان دەردەبڕێت.

رۆژی چوارشەممە 29-6-2016 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران كرد.

بەپێی راگەیێندراوێکی ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا "شاندی كۆماری ئیسلامیی ئێران خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی، دواتر باس لە دوا پێشهاتە ئەمنییەكانی ناوچەكە بەگشتی و سنوورەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران، بەتایبەتی كرا".

هەر بەپێی راگەیێندراوەکەی ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە کۆبوونەوەکەدا "نیگەرانیی خۆی بەرامبەر كۆی رووداوەكانی ئەم دواییە بەتایبەتی بۆردومانی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان و زیانگەیاندن بە هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە دەربڕی كە بەهۆیەوە ژمارەیەكی زۆریان زیانیان بەركەوتووە و شوێن و جێگەی خۆیان جێهێشتووە".

لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکەدا "هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە پێویستە پەیوەندییە دێرین و مێژووییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران بپارێزرێن و رێگری لە هەر هەوڵێكی دروستكردنی ئاستەنگ لەو پەیوەندیانەدا بكرێت".

جەخت لەوەش كرایەوە كە "پێویستە ئەو دیدارانە بەردەوامییان هەبێت بۆ ئەوەی بتوانرێت لە داهاتوودا رێگری لەو جۆرە رووداوانە بكرێت، رێگە نەدرێت هیچ درزێك لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێراندا دروست بكرێت".

تاوتوێكردنی دوا پێشهاتەكانی شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.
Top