مەحمود عوسمان: چوونی گۆڕان و یەکێتی بۆ بەغدا لە بەرامبەر ڕیفراندۆم بوو

مەحمود عوسمان: چوونی گۆڕان و یەکێتی بۆ بەغدا لە بەرامبەر ڕیفراندۆم بوو
مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد، نیگەرانیی خۆی لە دوورکەوتنەوەی حزبەکانی هەرێمی کوردستان لە یەکتر دەربڕی و ئاشکرای کرد، یەکێتی و گۆڕان وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە داوای ڕیفراندۆمی کرد، چوونەوە بۆ بەغدا.

ئەمڕۆ چوارشەممە 29\6\2016 د.مەحمود عوسمان، سیاسەتمەدار و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: “گەلی کوردستان نەماوە، حزبەکان هەن، قەزیەی کوردی نەماوە، بووە بە قەزیەی حزبەکان، یەکێک دەچێت بۆ بەغدا، یەکێک لەم لاوە خەریکە، یەکێکی دیکە لەولاوە بە شتێکی ترەوە سەرقاڵە. دۆخێکە کە جێگای نیگەرانی و شەرمیشە کورد بەو شێوەیە بێت”.

مەحمود عوسمان دووپاتی کردەوە: “لێرە باسی ڕیفراندۆم دەکرێت، ئەوانیش چوونەتە بەغدا و باسی ئەوە دەکەن کە ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان و بەغدا پێی گوتوون کە نابێت ڕیفراندۆم بکرێت، بەپێچەوانەی یەکن کە ئەمە ناگات بەهیچ ئەنجامێک". بە پێویستیشی زانی، حزبەکان بەیەکەوە دابنیشن و گرفتەکان باس بکەن، چونکە بەرپرسن لەو گەلە و ناکرێت لە “ڕاگەیاندنەکانەوە هێرش بکەنە سەر یەکتری".

ئەو سیاسەتمەدارە کوردە لە بەشێکی دیکەی قسەکانی ئەوەی ئاشکرا کرد: “چوونی شاندی گۆڕان و یەکێتی بۆ بەغدا، کاردانەوە بوو لەدژی قسەکانی بارزانی کە باسی کۆبوونەوەی کرد لە لایەنە کوردستانییەکان بۆ وەگررتنی هەڵوێستی کورد بۆ ڕیفراندۆم بەرانبەر بە بەغدا، چونکە ئەوان گوتیان پارتی ئێمە نابینێت، بۆیە ئێمەش سەربەستین لەوەی ئەنجامی دەدەین، بۆیە ئەوانیش بە ئارەزووی خۆیان دەچنە هەر لایەک کە ئەمە دواجار خراپە، چونکە ناکرێت هەرلایەک لە شوێنێک بێت".








باسنیوز
Top