میرانی: پەکەکە، گۆڕان و یەکێتی لەلایەن ئێرانەوە بەکار دەهێنرێن
عومەر میرانی، نوێنەری پارتی لە تورکیا بە ئاژانسی(ئەنادۆڵ)ی راگەیاندووە، کە یەکێتی بە نھێنی پەکەکە لە سلێمانی جێگیر دەکات، بەڵام مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ”رێگە بەوە نادات“، چونکە لەو حاڵەتەدا، ”گەورەترین مەترسی روو لە ئێمە دەکات“.
عومەر میرانی باسی دەنگۆی ئەوەی کردووە، کە پەکەکە لە ترسی هێرشەکانی تورکیا، بارەگاکانی لە قەندیلەوە دەگوازێتەوە سلێمانی و پێیوایە ”ناگونجێت حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رێگە بە جێگیرکردنی پەکەکە لە سلێمانی بدات".
نوێنەری پارتی لە ئەنقەرە ئاماژەی بە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کردووە و رایگەیاندووە، پەکەکە دژی ریفراندۆمە، پەکەکە ”ھەمیشە دژی دەوڵەتێکی کوردی بووە لە عێراق و بەردەوام لە دژیەتی“.
عومەر میرانی پێیوایە ئێران یەکێکە لە دەوڵەتەکانی نێو پرۆژەی گەورەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و ”نایەوێت نۆرەی خۆی بێت“، بۆیە پەکەکە، یەکێتی و گۆڕان بەکاردەهێنێت و دەیەوێت پشێوی لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە درێژە بکێشێت و پێشیوایە ”گەورەترین زیانمەندی ئەم شەڕ و پێکدادانە کوردەکان دەبن“.
میرانی باسی لەوەش کردووە، کە دژایەتیکردنی سیستەمی سەرۆکایەتی بۆ هەرێمی کوردستان لەلایەن یەکێتی و گۆڕانەوە، کە پرۆژەی پارتییە، بەرنامەی ئێرانە و ئەو دوو حزبە جێبەجێی دەکەن، پشیوایە ئێران نەخۆشکەوتنی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتی و دوورکەوتنەوەی لە سیاسەت وەک هەلێک قۆستووەتەوە بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی.
