میدیاکانی یەکێتی و گۆڕان باسی جووڵانەوەکانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات ناکەن
دوای ئەوەی دوو هەفتە لەمەوبەر و لە ڕۆژی 14\6\2016، پێشمەرگەکانی حزبی دیموکراتیی کوردستانی ئێران (حدکا) لە شارەکانی (مەریوان، مەهاباد، شنۆ، سەقز و سەردەشت) دەستی پێکرد، میدیاکانی دەڤەری سلێمانی خۆیان لە باسکردنی ئەم جووڵانەوەیە لادا، لە کاتێکدا تاوەکوو ئێستا 2 پێشمەرگە شەهید بوون و میدیاکانی ئێرانیش دەڵێن، 120 سەربازی سوپای پاسداران کوژراوە.
لەمبارەیەوە محەمەد ساڵح قادر، بەرپرسی پەیوەندییەکانی حزبی دیموکراتیی کوردستانی ئێران (حدکا)، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “هەروەک چۆن کوردستانی ڕۆژهەڵات لە قۆناغە جیاجیاکاندا ئەو هەست و سۆزەی هەبووە بۆ جووڵانەوەی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان، بە تایبەت لە هەرێمی کوردستان، کەوایە لەڕاگەیاندنەکانی حزبەکانی کوردستانی باشوور داوا دەکەین، پشتگیریی لە جووڵانەوەکەی کوردستانی ڕۆژهەڵات بکەن کە وەک چۆن پشتگیری لە جووڵانەوەکانی باکوور و ڕۆژئاوا دەکەن”.
بە بڕوای ئەو بەرپرسەی حدکا، پشتیوانیکردن لە ڕۆژهەڵات، ئەرکێکی نەتەوەیی و ئەخلاقییە، بۆیە ئەگەر لایەنێک ئەرکەکەی بەجێ نەگەیەنێت، ئەوا لەبەرچاوی خەڵک ون نابێت. گوتیشی: “ئێران دەیەوێت گرفتەکە لە خۆی دووربخاتەوە و بیخاتە ناوماڵی کورد”. بۆیە داوای لە میدیاکانی هەرێمی کوردستان بە گشتی کرد، چۆن بۆ باکوور و ڕۆژئاوا لەسەر خەت بوون و ڕووماڵی ڕووداوەکانیان دەکرد، بەهەمان شێوە بۆ “کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش بێدەنگ نەبن، بەتایبەتیش پەیامەکەمان بۆ ئەوانەیە کە بێ دەنگ بوو".
جگە لە میدیا فەرمییەکانی یەکێتی و گۆڕان، کەناڵی (ئێن ئاڕ تی) کە شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی نالیا خاوەندارێتی دەکات، لە دیارترین ئەو میدیایانەی دەڤەری سلێمانییە کە خۆی لە باسکردنی ئەم دۆسیەیە لاداوە و لە کاتێکدا دەیان ڕاپۆرت و هەواڵی جۆراوجۆری لەبارەی شەڕەکانی نێوان پەکەکە و تورکیا لە باکوور و یەپەگە و هێزەکانی دیکە لە ڕۆژئاوا کردووە، کەچی زۆر بە کرچ و کاڵی باسی لە ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە و خۆی لەم دۆسیەیە لاداوە.
باسنيوز
