"جیهان بەهۆی سەرۆك بارزانییەوە لە مەترسییەكانی تیرۆریستان بۆسەر مرۆڤایەتی گەییشتووە"

لەدیدرایدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، باڵیۆزی هەنگاریا لە عێراق، ڕۆڵی (سەرۆك بارزانی) لە سەركردایەتییكردنی گەلی كوردستان لە قۆناغە سەخت و دژوارەكان بەرز نرخاند و ڕایگەیاند كە گەلی هەنگاریا بەهۆی خەبات و ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە ماف و داواكاریی گەلی كوردستان گەییشتووە و جیهانیش هەر بەهۆی سەرۆك بارزانییەوە لە مەترسییەكانی تیرۆریستان بۆسەر مرۆڤایەتی گەییشتووە. جەختیشی لە بەردەوامیی پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ گەلی كوردستان كردەوە و ئەوەی خستەڕوو كە زۆر گەشبینە بە ئاییندەی گەلی كوردستان لە ناوچەكەدا.

ڕۆژی چوارشەممە 29ـی 6ـی 2016 لە سەلاحەدین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (تیبۆر زاتماری) باڵیۆزی هەنگاریا لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا باڵیۆزی هەنگاریا لە عێراق كە كۆتایی بە ئەركەكەی هاتووە و بۆ ماڵئاوایی سەردانی سەرۆك بارزانی كردبوو، سڵاوی سەرۆك و سەرۆكوەزیرانی هەنگاریای بە سەرۆك بارزانی گەیاند و خۆشحاڵیی خۆی بە بەرەوپێشەوەچوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتەكەی نیشاندا و ڕایگەیاند كە بنەمایەكی پتەوی دۆستایەتی و پەیوەندی لەبواری دیپلۆماسی و سەربازی و ئابووریی لە ئاستی بەرزی هەردوولا دا دروست كراوە. هەروەها ئاماژەی بە مێژوو و خەباتی گەلەكەی دا و ئەوەی خستەڕوو كە وێكچوونێكی زۆر لەنێوان تێكۆشان و خەباتی گەلی كوردستان و گەلی هەنگاریا هەیە.

باڵیۆزی هەنگاریا ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە سەركردایەتییكردنی گەلی كوردستان لە قۆناغە سەخت و دژوارەكان بەرز نرخاند و ڕایگەیاند كە گەلی هەنگاریا بەهۆی خەبات و ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە ماف و داواكاریی گەلی كوردستان گەییشتووە و جیهانیش هەر بەهۆی سەرۆك بارزانییەوە لە مەترسییەكانی تیرۆریستان بۆسەر مرۆڤایەتی گەییشتووە. جەختیشی لە بەردەوامیی پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ گەلی كوردستان كردەوە و ئەوەی خستەڕوو كە زۆر گەشبینە بە ئاییندەی گەلی كوردستان لە ناوچەكەدا.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی گەل و سەرۆك و سەرۆكوەزیرانی هەنگاریای كرد و ڕەزامەندی و خۆشحاڵیی خۆیشی بۆ فراوانكردنی دۆستایەتی و پەیوەندیی نێوان هەردوولا نیشان دا و پێزانینیشی بۆ ڕۆڵی باڵیۆزی هەنگاریا هەبوو لە قووڵكردنی دۆستایەتی و پەیوەندییەكان و ئەوەیشی دووپاتكردەوە كە گەلی كوردستان ئەو دۆستانە لەیاد ناكات كە لە ڕۆژانی تەنگانەدا هاوكار و یارمەتیدەری بوونە. سەرۆك بارزانی هیوای سەركەوتنی بۆ باڵیۆزی هەنگاریا خواست و ڕاشیگەیاند حكوومەتی هەرێم هاوكار و هەماهەنگ دەبێ لەگەڵ باڵیۆزی نوێی هەنگاریا.










KDP

Top