وەزارەتی ئەوقاف: زۆرینەی هەرە زۆری گەنجە کوردەکانی نێو داعش کوژراون

وەزارەتی ئەوقاف: زۆرینەی هەرە زۆری گەنجە کوردەکانی نێو داعش کوژراون
بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، لەماوەی دوو ساڵدا 500 گەنج لە ھەرێمی کوردستانەوە چوونەتە ناو داعش و تائێستاش 300 گەنجیان کوژراون.



مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لەساڵی 2013ەوە تا ناوەڕاستی ساڵی 2015، نزیکەی 500 گەنجی دانیشتووی ھەرێمی کوردستان پەیوەندییان بە داعشەوە کردووە“. ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لەو ژمارەیە، نزیکەی 300 گەنجیان لەشەڕدا لەگەڵ ھێزەکانی پێشمەرگە یان بەھۆی بۆردومانی فڕۆکەکانی ھاوپەیمانان کوژراون، یانیش لە لایەن خودی داعشەوە بە تۆمەتی ناپاکی و هاوکاریکردنی پێشمەرگە گوللەباران کراون.



نەقشبەندی ئەوەشی ڕوون کردەوە، نزیکەی 150 گەنجی دیکەی هەرێمی کوردستان، دوای چوونیان بۆ نێو داعش، پەشیمان بوونەتەوە و بۆ هەرێمی کوردستان گەڕاونەتەوە، ئێستاش بەشی زۆریان لەژێر چاودێری دان. گوتیشی: ”تەنیا نزیکەی 50 گەنجی هەرێمی کوردستان ئێستا لەنێو داعشدا ماون کە ژمارەی ئەوانیش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، لە کەمبوونەوە دایە، بەهۆی کوژرانیان لە شەڕەکان و بۆردومانەکاندا، یان بەهۆی دیارنەمانیان کە ئاماژەیە بۆ کوژرانیان لە لایەن داعشەوە“. ئەوەشی دووپات کردەوە، ئێستا ھیچ گەنجێکی کورد لەناو داعشدا خاوەنی بەپرسیارێتی نییە، چونکە ”چیتر کوردەکان لە لایەن داعش جێگای متمانە نین“.






باسنیوز
Top