نەوزاد هادی: کارگێڕ مەڵبەندەکەی کۆمەڵ تاوانبارە نەک گومانلێکراو

نەوزاد هادی: کارگێڕ مەڵبەندەکەی کۆمەڵ تاوانبارە نەک گومانلێکراو
پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی لیژنەی ئەمنی پارێزگاکە، لەبارەی دەستگیرکردنی بکەرانی هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر تۆڕی میدیایی رووداو رایدەگەیێنێت، بەپێی دانپێدانانی کەسی یەکەم لەسەر کەسی دووەم، کەسی دووەم کە ئەندامێکی کۆمەڵی ئیسلامییە " تاوانبارە"، ئاماژە بەوەش دەدات "خەڵکی دیکەش هەن دەستیان لەو هێرشەدا هەیە".

نەوزاد هادی، پارێزگار و سەرۆکی لیژنەی ئەمنی پارێزگاى هەولێر زانیاری زۆرتری ئاشكراكرد رایگەیاند "بەخۆشحاڵییەوە سوپاس بۆ هەوڵ و ماندووبوون و شەونخوونی زۆری تەواوی دامودەزگاکانی ئەنجوومەنی ئاسایش، پاراستنی هەرێمی کوردستان، پۆلیس و ئاسایش لەبەرامبەر بەدوادچوونیان لە روانگەیەکی بەرپرسیارێتی و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە ئەمنیەتی پایتەختی هەرێمی کوردستان و بە ئامانجکردنی رووداو وەکو دەزگایەکی گرنگی میدیایی لە پایتەخت، کە مانای تایبەتی خۆی دەبەخشێت".

سەبارەت بە دەستگیرکردنی هێرشكارەکان، نەوزاد هادی گوتی "بەهۆی ئەو دەلیلە ماددیانە و ئەو کامێرایانەی لەبەردەستدان، دەزگا ئەمنییەكان لە بەدواداچوونەکانیاندا توانیویانە بگەنە دەرئەنجامی دیاریکردنی ئەو کەسەی کارە تیرۆریستییەکەی ئەنجامداوە و، پاشان دەستگیری بکەن".

پارێزگاری هەولێر دەشڵێت: "لە داپێدانانەکان لەو ماوە کورتەی ئەنجامدراون، هەم لە دەستگیرکردنی کەسی یەکەم لە شەو، کە لە کاژێر 11:00وە دستگیرکرابوو، دواتریش لە لێکۆڵینەوەکاندا لەگەڵی لەڕێگەی دادگا و یاسا بەشێوەیەکی دروست و تەواو و دانپێدانانی لەسەر کەسی دووەم، ئەو کەسەی کارگێڕی مەڵبەندی کۆمەڵی ئیسلامییە، بەگوتەی خۆی لەگەڵی دابووە و هاوبەشی بووە".

سەبارەت نیگەرانی کۆمەڵی ئیسلامی لەسەر ئەوەی بەڵگەیەکی روون لەبەردەستدا نییە، بەڵکو وەک گومانلێکراو ناوی هێنراوە، نەوزاد هادی گوتی "بەداخەوە حەق وانییە بەو شێوەیە بیربکەنەوە، چونکە بابەتەکە تیرۆرە، کاتێک کادیرێک لە پارتێکی دیاریکراو تێکەڵ بە تیرۆر ببێت، نابێت یەکسەر بەرگریکاربێت، بەڵکو دەبێت چاوەڕێی لێکۆڵینەوەکان بکات".

سەبارەت بە چۆنیەتی دەستگیرکردنی ئەندامەکەی کۆمەڵی ئیسلامی، پارێزگاری هەولێر گوتی "لە هەموو دونیادا وایە بۆ مەسەلەی تیرۆر دەزگا ئەمنییەکان چاوەڕێی کەس ناکەن، کاری خۆیان دەکەن بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی دۆخەکە بکەن، چونکە ئەوەی تیرۆر دەیکات، چاوەڕێی هیچ ناکات، بۆیە لەسەر ئەو بنەمایە لەڕێگەی چاودێریکردنی ماڵی ئەو کوڕە بووە، هێزەکان نەچوونەتە سەر ماڵی، بەڵکو چاودێری کراوە لەو کاتەی هاتووەتە دەرەوە، دواتریش برایەکانی کە بەدوایدا هاتوون، هەر لەسەر ئەو بنەمایە دەستگیرکراون، بۆیە لەسەر دانپێدانانی کەسی یەکەم لەسەر کەسی دووەم، کەسی دووەم تاوانبارە".

نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی لیژنەی ئەمنی پارێزگاکە، هەروەها گوتیشی "خەڵکی دیکەش هەن دەستیان لەو هێرشەدا هەیە، لێکۆڵینەوە لەو بارەیەوە بەردەوامە، گرنگە بزانرێت بۆ رووداو کراوەتە ئامانج، ئامانج لێی چی بووە، بۆیە لێکوڵینەوە بەردەوامە، بۆیە دەڵێم نابێت کۆمەڵ هەڵچوونی پێوە دیاربێت، دەبێت چاوەڕێی لێکۆڵینەوەکان بکات، دەتوانێت بەدواداچوون بکات و سەردانی ئاسایش بکات".









رووداو
Top