حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مانگانه حەوت ملیار دینار بۆ دۆسییه‌ی ئه‌منیی كه‌ركووك خه‌رج ده‌كا
شاخه‌وان عه‌بدوڵا، په‌رله‌مانتاری پارتی له په‌رله‌مانی عێراق راگه‌یاند، زیاتر له 10 ساڵه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌كو ئه‌ركی خۆی خزمه‌تی شاری كه‌ركووك ده‌كات، گوتی: "وه‌كو پارێزگاكانی تری هه‌رێمی كوردستان حكوومه‌ت خزمه‌تی كه‌ركووكی كردووه و له به‌شه‌بودجه‌ی خه‌ڵكی سنووۆس ئیداریی كوردستانی بڕیوه و پاره‌ی بۆ كه‌ركووك خه‌رج كردووه".
ئه‌و ئاشكرای ده‌كات، مانگانه ملیاره‌ها دیناری بودجه‌ی كوردستان بۆ كه‌ركووك بووه، گوتیشی: "مانگانه حكوومه‌تی هه‌رێم 7 ملیار دیناری بۆ دۆسیه‌ی ئه‌منیی كه‌ركووك خه‌رج كردووه كه ساڵانه ده‌كاته 84 ملیار دینار، چونكه 6 هه‌زار كه‌س بۆ سنووری كه‌ركووك به ئاسایش دامه‌زرێندراون و مووچه‌یان له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانه، ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌زگایانه نه‌بوونایه ئاسایش و ئارامی نه‌ده‌بوو، كورد ده‌رده‌كران و وه‌كو جه‌له‌ولا و سه‌عدییه ماڵی كورد ده‌ته‌قێندرانه‌وه".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی پارتی له كه‌ركووك ڕوونی كرده‌وه، جگه له مووچه‌كانیان، كڕینی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و ئۆتۆمبێله‌كانی ئاسایش له‌سه‌ر بودجه‌ی كوردستان بووه.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، له رێگه‌ی لیژنه‌یه‌كه‌وه هه‌رێمی كوردستان سه‌دان ملیار دیناری بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كه‌ركووك خه‌رج كردووه، ده‌شڵێت: "به ناوی لیژنه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كه‌ركووك سه‌دان ملیار دینار له بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كه‌ركووك خه‌رج كراوه، له جووتسایده‌كانی ناو كه‌ركووك و دروستكردنی قوتابخانه و پرۆژه‌ی ئاو و چه‌ندین پرۆژه‌ی تریش".
له چوارچێوه‌ی جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140زیاتر له 15 هه‌زار فه‌رمانبه‌ر له‌سه‌ر میلاكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ فه‌رمانگه‌كانی كه‌ركووك گواستراونه‌ته‌وه، به‌ڵام مووچه‌كانیان له‌سه‌ر كوردستانه”.
شاخه‌وان عه‌بدوڵا جه‌ختی كرده‌وه، 70%ی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی كه‌ركووك مووچه‌كانیان له‌سه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه و پێوه‌ندییان به به‌غداوه نییه، وێرای ئه‌وه‌ی به‌شێك له پێشمه‌رگه‌كانی یه‌كه‌ی 70 و 80 و لیواكانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ش كه خه‌ڵكی كه‌ركووكن مووچه‌كانیان له‌سه‌ر كوردستانه.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی پارتی ده‌یگوت: "ئه‌گه‌ر نه‌جمه‌دین كه‌ریم ئاگای له‌و هه‌موو خزمه‌ته‌ی هه‌رێمی كوردستان بێت پڕۆژه‌ی به‌هه‌رێمكردنی كه‌ركووك پێشكه‌ش ناكات و ده‌رگا بۆ خه‌ڵكی تریش ناكاته‌وه، له دوو ساڵی رابڕدوودا له كۆبوونه‌وه‌م له‌گه‌ڵ به‌رپرسی كونسوڵخانه‌كان ئه‌وه‌م دووپات كردووه‌ته‌وه كه كه‌ركووك كوردستانییه، به‌ڵام رێگه به خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌درێت به ریفراندۆم چاره‌نووسی خۆیان دیاری بكه‌ن و رێ به رێگه‌چاره‌ی تر ناده‌ین".
عه‌بدوڵا، باس له‌وه ده‌كات كه له ماوه‌ی پێشوودا سه‌ردانی كونسوڵخانه‌ی ئه‌مه‌ریكای له به‌غدا كردووه و ئه‌مه‌ریكییه‌كان باسیان له چاره‌نووسی كه‌ركووك نه‌كردووه: "ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا گفتوگۆ و دانوستان له‌گه‌ڵ كورد بكات له‌سه‌ر كه‌ركووك نایكات، چونكه ئه‌وان تێگه‌یشتوونه كه‌وا كه‌ركووك به‌لای كورده‌وه هێڵی سووره.
په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی پارتی ڕاشی گه‌یاند، بۆیه تاوه‌كو ئێستا پارتی به فه‌رمی لێدوانی له‌سه‌ر پڕۆژه‌كه‌ی نه‌جمه‌دین كه‌یم نه‌داوه، چونكه تاوه‌كو ئێستا هه‌ر قسه‌یه و نه‌بووه‌ته پرۆژه، دووپاتیشی كرده‌وه كه‌ی ببێته پڕۆژه ئه‌و كاته وه‌ڵامی ده‌داته‌وه و ڕه‌تی ده‌كاته‌وه.
رێبوار تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك به وه‌كاله‌ت، ئه‌وه‌ی دووپات كرده‌وه كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له دوای ساڵی 2003 هاوكاری و خزمه‌تی زۆری پێشكه‌ش به كه‌ركووك كردووه.
تاڵه‌بانی ڕوونی كرده‌وه، له جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری و پاراستنی ئاسایشی كه‌ركووك، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زۆر هاوكاری كه‌ركووك بووه.
باس‌نیوز
