ئۆتۆمبێلەكانی پارێزگای سلێمانی 12 ملیار دینار غەرامەیان لەسەرە

ئۆتۆمبێلەكانی پارێزگای سلێمانی 12 ملیار دینار غەرامەیان لەسەرە
بەپێی راپۆرتێكی دیوانی چاودێریی دارایی كە وردبینی لە خەرجی و داهاتی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانیدا كردووە، دەركەوتووە كە ژمارەیەكی زۆر ئۆتۆمبێلی ژمارە كاتی و دزراو و ژمارە دووبارە، بایی زیاتر لە ملیارێك دینار سەرپێچییان كردووە. ئۆتۆمبێلە كاتییەكانیش بەبێ‌ ئەوەی غەرامەكەیان لێ وەربگیرێ‌، تابلۆی هەمیشەییان پێدراوە.

تیمەكانی دیوانی چاودێریی دارایی لە 11/8/2014 دەستیان كردووە بە وردبینی لە خەرجی و داهاتەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆی سلێمانی بۆ ساڵی دارایی 2013. كارەكەیان مانگێكی خایاندووە و لە راپۆرتێكدا تێبینی و سەرنجی خۆیان خستووەتە روو.

زۆرترین داهات لە تابلۆی ئۆتۆمبێل

بەپێی راپۆرتەكە كۆی گشتیی داهاتی وەرگیراو بۆ ساڵی دارایی 2013 بریتی بووە لە 70 ملیار و 311 ملیۆن و 97 هەزار دینار. لەو بڕە پارەیەش 2 ملیار و 480 ملیۆن و 228 هەزار دینار گواستراوەتەوە بۆ حسابی جاریی ژمارە (165)ی بانكی قەڵاتی شاری هەولێر كە تایبەتە بە وەزارەتی تەندروستی وەك كۆمەكی تووشبووانی شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستان.

هەروەها بڕی 33 ملیار و 883 ملیۆن و 425 هەزار دینار گواستراوەتەوە سەر حسابی جاریی ژمارە (303)ی بانكی تانجەرۆ لە شاری سلێمانی كە تایبەتە بە پەرەپێدانی هاتوچۆ.

ئەو بڕەشی كە ماوەتەوە و 33 ملیار و 947 ملیۆن و 443 هەزار دینار بووە، كراوە بە داهاتی كۆتایی وەزارەتی دارایی و ئابووری. زۆرترین ئەو داهاتەی بۆ وەزارەتی دارایی نێردراوە لە رێگەی پێدانی ژمارەی ئۆتۆمبێل بووە كە بڕەكەی زیاتر لە 23 ملیار دینار بووە، دوای ئەویش سزای یەكسەری (فەوری) بووە كە زیاتر لە پێنج ملیار دینار بووە. داهاتی تۆماركردنی ئۆتۆمبێل نزیكەی نیو ملیار دینار بووە، گواستنەوەی خاوەندارێتی ئۆتۆمبێل دوو ملیار و 500 ملیۆن دینار بووە.

داهاتی پێدانی تابلۆ 330 ملیۆن دینار بووە، پێدانی مۆڵەت نزیكەی 400 ملیۆن دینار بووە. سزای دواكەوتن 961 ملیۆن دینار بووە.

خەرجییەكانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ

بەپێی راپۆرتەكەی دیوانی چاودێریی دارایی، كۆی خەرجییەكانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لە ساڵی 2013دا بریتی بووە لە 37 ملیار و 428 ملیۆن و 556 هەزار دینار. لەو بڕەش 35 ملیار و 638 ملیۆن و 524 هەزار دینار بۆ مووچە و كرێ بووە. دوو ملیارەكەی دیكەش بۆ كڕینی كاڵا و شتومەك، خزمەتگوزاری، چاككردنەوە، سوودە كۆمەڵایەتییەكان و...هتد.

ژمارە كاتییەكان 581 ملیۆن دیناریان لەلایە

دیوانی چاودێری دارایی وردبینی لە بەشی ژمارەی ئۆتۆمبێلی كاتی لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی كردووە و دەركەوتووە سەرپێچییەكی زۆر بەو ژمارانە كراوە، بەڵام غەرامەی سەرپێچییەكانیان لێ وەرنەگیراوە لەكاتێكدا ئەو ئۆتۆمبێلانە ئێستا ژمارەی هەمیشەییان پێدراوە.

دیوانی چاودێریی دارایی لە هۆكاری وەرنەگرتنی غەرامەی ئەو سەرپێچیانەی پرسیوە، بەرپرسانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە هۆكارەكەیان بۆ درەنگ گەیشتنی سەرپێچییەكان بە كارمەندی كۆمپیوتەری تایبەت بە ژمارەی كاتی گەڕاندووەتەوە.
بەپێی راپۆرتەكەی دیوان، 10 هەزار و 987 سەرپێچی بەو ئۆتۆمبێلانە كراوە، غەرامەی سەرجەمیشیان 581 ملیۆن و 933 هەزار دینار بووە.

دیوانی چاودێری داواكارە بڕی غەرامە و جۆری سەرپێچییەكانی ئەو ژمارە كاتیانە لەو كەسانە وەربگیرێتەوە كە ژمارەی هەمیشەییان پێدراوە. بەمەبەستی نەهێشتنی ئەو حاڵەتەش پێویستە پاش تێپەڕبوونی دوو مانگ بەسەر تۆماركردنی سەرپێچییەكەدا لە كۆمپیوتەری بەشی ژمارەی كاتی راستەوخۆ بەدواداچوون بكرێت لە هۆكاری مانەوەی غەرامەكان.

ئۆتۆمبێلە دزراوەكان غەرامە نادەن

هەر بەپێی وردبینی دیوانی چاودێریی دارایی پاش وردبینی لە بەشی كارتی زانیاری، دەركەوت ژمارەیەكی زۆر لەو ئۆتۆمبێلانەی كە ژمارەكانیان تایبەتن بە پارێزگاكانی دەرەوەی هەرێم و لەساڵی 2003وە هێنراونەتە سنووری پارێزگای سلێمانی و كێشەی "دزراو و ژمارەی دووبارە"یان هەیە، سەرپێچییان پێ كراوە، بەڵام بڕی غەرامەی سەرپێچییەكانیان لێ وەرنەگیراوە، تەنیا لەو حاڵەتانەدا نەبێت كە لەلایەن مەفرەزەكانی هاتوچۆوە بەهۆی ئەنجامدانی سەرێچییەك رەوانەی بەشی كارتی زانیاری دەكرێن، تاوەكو بزانرێت غەرامە و حجزیان لەسەرە یان نا.

دیوانی چاودێریی دارایی كە بە یاداشتێك لە 7/9/2014 داوای دەرخستەیەكی كردووە بۆ بڕی غەرامە و ئەو سەرپێچیانەی ئەو ئۆتۆمبێلانە كردوویانە، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی وەڵامی داوەتەوە و دەڵێت كە سیستمی داتا بەیسەكەیان كۆی بڕی سەرپێچییەكان دیاری ناكات، بەڵام 54960 سەرپێچی تۆماركراوە كە زۆربەی سەرپێچیەكان تایبەتن بەو ئۆتۆمبێلانەی كێشەی (دزین و ژمارەی دووبارەیان) هەیە و سەردانی بەشی كارتی زانیارییان نەكردووە.

لە راپۆرتەكەی دیوانی چاودێریی داراییدا هاتووە "ئەگەر هەر سەرپێچییەك كەمترین بڕی بۆ دابنرێت كە 10 هەزار دینارە، ئەوا كۆی بڕی غەرامەكان دەكاتە 549 ملیۆن دینار و 600 هەزار دینار. لە كاتێكدا زۆرترین بڕی غەرامە بریتییە لە 200 هەزار دینار.

دیوانی چاودێریی دارایی بۆ كەڵەكەنەبوونی ئەو سەرپێچیانە و وەرگرتنی لە ماوەی ساڵێكدا پێشنیازی كردووە لە رێگەی وەزارەتی ناوخۆوە فەرمان بدرێت بەوەی لەڕێگەی لۆگۆیەكی ئەستۆپاكی ساڵانەوە كە هاوشێوەی لۆگۆی مەرجەكانی توندوتۆڵیی ئۆتۆمبێل بێت، ئەم كێشەیە چارەسەر بكات، بەجۆرێك لەڕێگەی مەفرەزەكانی پۆلیسی هاتوچۆوە سەرجەم ئەو ئۆتۆمبێلانەی ژمارەكانیان تایبەتن بە پارێزگاكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، بنێردرێن بۆ بەشی كارتی زانیاری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگاكان تاوەكو بزانرێت غەرامە و حیجزیان لەسەر نییە.

12 ملیار دینار لەلای شوفێرانە

دیوانی چاودێریی دارایی وردبینی بۆ بڕی سزای سەرپێچی ئۆتۆمبێلی ژمارە / سلێمانی (تایبەت، كرێ و بار) كردووە و دەركەوتووە سزای سەرجەم ئەو سەرپێچییانەی كە تۆمار كراون لە بەرنامەی داتابەیسی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی تاكو بەرواری (29/10/2014) بریتییە لە 230 هەزار و 361 سەرپێچی. بڕە غەرامەكەش 12 ملیار و 691 ملیۆن و 325 هەزار دینار بووە، هۆكاری مانەوەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی تەنیا لەكاتی گۆڕینی خاوەندارێتی ئۆتۆمبێل و نوێكردنەوەی ساڵیانەی ئۆتۆمبێل كە چوار ساڵ جارێكە، هاووڵاتی ناچار دەكرێت بڕی سزای سەرپێچییەكانیان بدەن.
بەمەبەستی كەڵەكە نەبوونی بڕی سزای سەرپێچیەكان و وەرگرتنی لە ماوەی كەمتر لە ساڵێكدا بۆ ساڵی دارایی/2015. دیوانی چاودێری دارایی پێشنیازی كردووە لە رێگەی وەزارەتی ناوخۆوە فەرمان بدرێت بەوەی نووسینگەكانی پشكنین هیچ پشكنینێك بۆ ئۆتۆمبێل، بەبێ پشتگیری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگاكان نەكەن كە ئۆتۆمبێلەكە غەرامەی لەسەر نییە.

پشكنینی ئۆتۆمبیل

لە راپۆرتەكەی دیوانی چاودێریی داراییدا هاتووە لە رێكەوتی 2/3/2014 وەزارەتی ناوخۆ بەمەبەستی پشكنینی ئۆتۆمبێل لە سنووری هەڵەبجە گرێبەستێكی لەگەڵ هاووڵاتییەكدا كردووە بۆ ماوەی 25 ساڵ. بەپێی خاڵی (1 ، 2)ی بڕگەی یەكەمی گرێبەستەكە دەبێت پاش بەدەستهێنانەوەی سەرجەم ئەو خەرجیانەی بۆ دامەزراندنی تاقیگەكە كردوویەتی، رێژەی 15%ی قازانجی مانگانەی تاقیگە بدرێتە وەزارەتی ناوخۆ، بەڵام بەپێی هەردوو خاڵی ئاماژە بۆكراو ناتوانرێت :

1- چاودێری بەدەستهێنانەوەی سەرجەم ئەو خەرجیانە بكرێت كە بۆ دامەزراندنی تاقیگەكە خەرجكراوە.

2- چاودێریی قازانجی مانگانەی تاقیگەكە بكرێت تاوەكو رێژەی (15%)ی لەسەر ئەژمار بكرێ.

دیوانی چاودێریی دارایی داوا دەكات لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گرێبەستەكانی وەزارەتی ناوخۆ وە پێداچوونەوە بكرێت بە هەردوو خاڵی ئاماژە بۆكراو بەجۆرێك كە بتوانرێت بە ئاسانی كۆنترۆڵی ئەو رێژەیە بكرێت.

هەر بەپێی راپۆرتەكەی دیوانی چاودێری دارایی لە ساڵی 2006 تاوەكو 2010 شەش گرێبەستی تایبەت بە پشكنینی ئۆتۆمبێل لە نێوان بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی و چەند هاووڵاتییەك كراوە، بەڵام لە گرێبەستەكاندا ئاماژە بە ماوەی كاركردنی ئەو تاقیگەیانە لەلایەن ئەو هاوڵاتیانەوە نەدراوە، لەهەمانكاتیشدا هیچ بڕە پارەیەك دیاری نەكراوە كە مانگانە بدرێت بە وەزارەتی ناوخۆ .

بەمەبەستی یەكخستنی شێوازی كاركردنی سەرجەم تاقیگەكان، دیوانی چاودێری دارایی سەرلەنوێ‌ گرێبەست بكاتەوە لەگەڵ ئەو شەش هاووڵاتییە.
Top