ئاسایشی هەولێر ناسنامەی هێرشكارەكەی سەر رووداو ئاشكرا دەكات
بەپێی راگەیێندراوەكەی ئاسایشی هەولێر كە رۆژی سێشەممە 28-6-2016 بڵاوكرایەوە، رێبوار وریا ساڵح شەوی رابردوو كاژێر 02:30 خولەك دەستگیركراوە و دانی بە تاوانەكەیدا ناوە، هەروەها لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بەردەوامە و لەدوای گرتنەبەری رێكاری یاسایی پێویست، وردەكاری لێكۆڵینەوەكان ئاشكرا دەكرێن.
كاژێر 12:05 دەقیقەی شەوی 25/6/2016، هێرشكرایە سەر باڵەخانەی تۆڕی میدیایی رووداو لە شاری هەولێری پایتەختی باشووری كوردستان و لە ئەنجامدا سێ پاسەوان، كارمەندێكی پەیوەندییەكان و شۆفێرێكی رووداو برینداربوون، زیانیش بە دوو تۆتۆمبێلی گواستنەوەی راستەوخۆی رووداو گەیشت.
دوای رووداوەكە، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ، وەزارەتی ناوخۆ ، بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەكانی ئاسایش و پۆلیس دەستیانكرد بە لێكۆڵینەوە و، توانیان لەماوەیەكی كورتدا ئەنجامدەری سەرەكی هێرشەكە دەستگیربكەن لەگەڵ كەسێكی دیكەدا.
بە بۆنەی دەستگیركردنی هێرشكارەكە و گومانلێكراوەكە، تۆڕی میدیایی رووداو لە راگەیێندراوێكدا زۆر سوپاسی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی ناوخۆ ، ئاسایش و دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ دەستوبردیان لە دەستگیركردنی هێرشكاران و، رێز لە شەونخوونی یەك بە یەكی ئەوانە دەگرێت كە كاریانكرد لەپێناو دەستگیركردنی ئەو هێرشكارانەدا.
دەقی راگەیێندراوەكەی ئاسایشی هەولێر:
دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە سەر تەقینەوەی بۆمبێکی دەستی لە بەردەم کەناڵی ڕووداو کە لە کاتژمێر ١٢:٠٥ی بەرەبەیانی رۆژی ٢٥/٦/٢٠١٦ ڕوویدا، ئەنجامدەری کردارەکە بە ناوی (رێبوار وریا ساڵح) دەستگیر کرا و ناوبراو ددانی بە تاوانەکەی ناوە و لە دوای لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانیش کەسێکی دیکە بە ناوی (سەعدی مستەفا عەبدولرەحمان) کە کارگێری مەلبەندی کۆمەڵی ئیسلامی لە هەولێرە، وەک گومانلێکراو لە پەیوەندی بەم کردارەوە دەستگیر کراوە.
لێکۆلینەوەکان بەردەوامن و لە دوای گرتنەبەری رێکاری یاسایی پێویست، ئەنجامەکان بۆ هاوڵاتیانی خۆشەویست ئاشکرا دەکرێن.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر
٢٨/٦/٢٠١٦
