لە دوای پارێزگاری سلێمانی پارێزگاری هەڵەبجەش دەچێتە بەغدا
لەدوای چوونی ئاسۆ فەرەیدون، پارێزگاری سلێمانی بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ نوری مالیکی، سەرۆکی حزبی دەعوە و حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، عەبدوڵا نەورۆڵی پارێزگاری هەڵەبجە ڕایدەگەیەنێت: “دوای جەژن، شاندێکی ئیداریی هەڵەبجە سەردانی بەغدا دەكەن، بۆ ئەوەی چەند پرسێكی تایبەت بەهەڵەبجە تاوتوێ بكەن و دواكەوتنی سەردانەكەیان بۆ كێشەی سیاسیی عێراق دەگەڕێتەوە”.
پارێزگاری هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بۆ دەزگا ڕاگەیاندنەکان دەڵێت: “داوامان لەنوێنەرانی كورد كرد لەعێراق تا دیدارێكمان بۆ ساز بكەن و لەگەڵ سەرۆكی كۆمار و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران وپەرلەمان كۆببینەوە، تاكێشە و گرفتەكانی هەڵەبجەیان پێبڵێن، بەڵام بەهۆی خراپی رەوشی سیاسیی عێراق، سەردانەكە بۆ دوای جەژن دواخرا”.
پارێزگاری هەڵەبجە سەر بەپشکی بزووتنەوەی گۆڕانە و پارێزگاری سلێمانیش سەر بە یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە.
هەر لەمبارەیەوە، زانا رۆستایی، پەرلەمانتاری کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “بازدان بەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەبێ ئاگاداری و گەڕانەوە بۆ بەغدا بەپێی یاسا دەرچوونە، بۆیە دەبێت پارێزگارەکان لە چوارچێوەی کاری حکوومەت و بەئاگاداریی حکوومەت بجووڵێنەوە، چونکە دواجار ئەوان کارمەندی حکوومەتن”. گوتیشی: "ئەم جیاکردنەوەیە و حساب بۆ نەکردنەی حکوومەت مەترسییە و خۆ جیاکردنەوەیە".
