محەمەد حاجی: گۆڕان بە رێککەوتنەکە شکستی سیاسیی خۆی راگەیاند

محەمەد حاجی: گۆڕان بە رێککەوتنەکە شکستی سیاسیی خۆی راگەیاند
سەرکردەیەکی پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، کە گۆڕان بە واژۆکردنی رێککەوتنەکەی لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، ”شکستی سیاسی“ی خۆی راگەیاند.

محەمەد حاجی، بەرپرسی پێشووی پەیوەندییە سیاسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، گۆڕان بزووتنەوەیەکی لۆکاڵییە و تەنھا لە چواردەوری شاری سلێمانی دەتوانێت کاری سیاسیی خۆی بکات.

محەمەد حاجی هەروەها رایگەیاند، کە زمانی راگەیاندنی گۆڕان ”زمانێکی ناشیرینە“ و هێرش دەکاتە سەر ئەوانەی واز لە گۆڕان دەهێنن و نموونە بەخۆی دەهێنێتەوە، ”کاتێک لەناو گۆڕان بەرپرسیاریەتم ھەبوو، کەسێکی بەھەڵوێست و شۆڕشگێڕبووم، بەڵام کاتێک وازم لە گۆڕان ھێنا ھەمووی کەوتنە دژایەتی و بەخشینەوەی تۆمەتی ناڕەوا بۆم“.

ئەو بەرپرسەی پێشووی گۆڕان پێیوایە گۆڕان پێگەی سیاسیی خۆی لەسەر بنچینەی ”ھێرشکردنە سەر خەڵکی و ڕەخنەی زبر و ھێرشکردنە سەر لایەنە سیاسییەکانی دیکە بینا کردووە“، ئاماژە بەوەش دەکات، کە خەڵکی متمانەیان بە گۆڕان نەماوە و ”ئەگەر ئێستا ھەڵبژاردن بکرێ، دەنگەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو کەم دەکات و ”ھەرگیز بزووتنەوەی گۆڕان نابێتەوە بە خاوەنی کورسییەکانی جارانی“.

محەمەد حاجی باسی هۆکاری چوونە ریزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دوای دەست لەکار کێشانەوەی لە بزووتنەوەی گۆڕان دەکات و رایدەگەیەێت، ”ئێستا پارتی ڕابەرایەتی خەباتێکی نیشتمانی و نەتەوەیی دەکات، لەبەر ئەوە لێرەوە درێژە بە خەباتی خۆمان دەدەین“.

حاجی باسی رێککەوتنی گۆڕان و یەکێتی دەکا و پێیوایە نیشانەی شکستی سیاسیی بزووتنەوەکەیە، چونکە ئەم رێککەوتنە ”ڕێککەووتنی سیاسی نییە، بەڵکو هەنگاوی یەکەمە بەرەو گەڕانەوەی گۆڕان بۆ باوەشی یەکێتی“.

رۆژی سێشەممە 17ـی ئایاری 2016، بە ئامادەبوونی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، کۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتیی گۆڕان رێککەوتننامەی هاوبەشیان لەنێوان حزبەکانیان واژۆ کرد.









باسنیوز
Top