دەزگای بارزانی ھاوکاری 315 خانەوادەی شەھیدانی پێشمەرگە دەکات

دەزگای بارزانی ھاوکاری 315 خانەوادەی شەھیدانی پێشمەرگە دەکات
دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوکاریی بەسەر 315 خانەوادەی شەهیدانی پێشمەرگە دابەش دەکات، کە لە شەڕی دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش شەهید بوون.

بەپێی راگەیەندراوێک، دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایدەگەیەنێت، هاوکارییەکانی ئەمجارە بەبۆنەی مانگی رەمەزانە و لە شارەکانی کەرکووک، کەلار، کۆیە و دەوروبەری دابەش کراوە.

هەروەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، رۆژی سێشەممە 28ـی حوزەیرانی 2016، دەزگای خـێرخوازیی بارزانی 290 پڕیاسکە (پارسێل) 50 کیلۆیی خواردنی وشک (برنج، ساوار، زەیت، دۆشاوی تەماتە، خوێ، شەکر، فاسۆلیا، چا، رشتە، شیر، نۆک و سریلاک)ی‌ بەسەر خانەوادەی شەهیدانی پێشمەرگە لە پارێزگای کەرکووک و شاری کەلار دابەش کرد.
هەروەها لە شاری کۆیە بڕی 500 کیلۆ خواردنی وشک بەسەر 25 خانەوادەی شەهیدانی شەڕی دژی داعش بەسەر دابەش کرا و دەزگای بارزانیش رایدەگەیەنێت، کە دابەشکردنی هاوکارییەکان بەسەر خانەوادەی شەهیدان بەردەوام دەبێت.

داعش لە مانگی ئابی 2014ـەوە هێرش دەکاتە سەر ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی باشوور، بەڵام هێزەکانی پێشمەرگە توانیویانە بەر بە هێرشەکانی ئەو رێکخراوە بگرن و تاوەکو ئێستا دەیان هەزار چەکداری داعش کوژراون و زۆرینەی ناوچە کوردستانییەکانیش رزگار کراونەتەوە، کە بەهۆی ئەو شەڕانەوە، وەک وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، نزیکەی 1200 پێشمەرگە شەهید بوون.









باسنیوز
Top