سوننه خورماتوو جێده‌هێڵێت
كۆچی هاوڵاتییانی خورماتوو به‌تایبه‌ت كورده‌كان، به‌راده‌یه‌كه له‌دوو گه‌ڕه‌كی ئه‌و شارۆچكه‌یه كه پێشتر تێیدا زۆرینه‌بوون له‌ئێستادا به‌ده‌گمه‌ن كوردیان تێداماوه، ئه‌وه‌ش دوای بارگرژیه‌كانی چه‌ند مانگی رابردووی ئه‌و قه‌زایه كه قوربانی له‌نێو پێكهاته‌كان لێكه‌وته‌وه.
به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی خورماتوو، بۆ خه‌ندانی پشتڕاستكرده‌وه كه له‌دوای ئاڵۆزییه‌كانی چه‌ند رۆژی رابردووی قه‌زاكه زیاتر هاوڵاتیان له‌خورماتوو كۆچیان كردووه‌و به‌وته‌ی ئه‌و، ته‌نها هاوڵاتیانی سوننه كۆچ ده‌كه‌ن‌و هه‌ڕه‌شه‌یان له‌سه‌ره.
فاروق ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی خورماتوو (پارتی) وتی "له‌خورماتوو كۆچكردن زیادیكردووه‌و ئه‌وانه‌شی كۆچ ده‌كه‌ن هاوڵاتیانی سوننه‌ن له‌هه‌رسێ پێكهاته‌ی كورد‌و عه‌ره‌ب‌و توركمان".
به‌وته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی خورماتوو، گه‌ڕه‌كی عه‌سكه‌ری پێشتر نزیكه‌ی 300 خێزانی كوردی لێ‌بوو، به‌ڵام ئێستا ته‌نها دووخێزانی لێماون، گه‌ڕه‌كی تین-یش به‌ده‌گمه‌ن خێزانی كوردی لێماوه له‌كاتێكدا پێشتر كوردی زۆر لێبووه‌و ژماره‌یه‌ك خێزانی كه‌مده‌رامه‌ت پێشتر له‌و گه‌ڕه‌كانه زه‌وی‌و خانویان كڕیوه، به‌ڵام ئێستا گه‌ڕه‌كه‌كه‌یان چۆڵ كردووه.
ئه‌و خێزانانه‌ی كه كۆچیان كردووه، به‌شێكیان هه‌ر له‌خورماتوو ماونه‌ته‌وه‌و چوونه‌ته گه‌ڕه‌كه كوردنشینه‌كان، به‌شێكیشیان خورماتوویان به‌یه‌كجاری جێهێشتووه.
حه‌سه‌ن بارام، جێگری به‌پرسی مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی له‌خورماتوو بۆ خه‌ندان ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو ماوه‌یه‌كه كۆچی هاوڵاتیان زیادیكردووه، تێكچونی ئه‌م دواییه‌ی ره‌وشی ئه‌منیی قه‌زاكه‌ش هۆكاربووه بۆ زیادبوونی ئه‌و كۆچه.
"من خۆم رۆژانه ئۆتۆمبێلی ئه‌و كه‌سانه ده‌بینم كه كۆچ ده‌كه‌ن‌و خورماتوو جێده‌هێڵن، ژماره‌یه‌كی زۆر هاوڵاتی كۆچیان كردووه كه زیاتر عه‌ره‌به سوننه‌كانن‌و هه‌ڕه‌شه‌یان له‌سه‌ره"، جێگری به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی له‌خورماتوو وای وت.
تائێستا چوار كه‌س به‌تۆمه‌تی هه‌ڕه‌شه‌كردن‌و ترساندنی خه‌ڵكی خورماتوو ده‌ستگیركراون، به‌وته‌ی ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سه‌لاحه‌دین ئه‌و چوار كه‌سه عه‌ره‌ب‌و توركمان‌و كوردیشیان تێدایه.
سه‌باح جومعه، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین ئه‌وه ده‌خاته‌ڕوو كه ئه‌و گومانلێكراوانه دوانیان له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه كوردییه‌كانه‌وه ده‌ستگیركراون‌و له‌ژێر لێكۆڵینه‌وه‌دان، دوانه‌كه‌ی دیكه‌ش له‌لایه‌ن چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبیه‌وه گرته‌ی ڤیدیۆییان بڵاكراوه‌ته‌وه كه دان به‌وه‌دا ده‌نێن هه‌ڕه‌شه‌یان له هاوڵاتیان كردووه.
وتیشی "هه‌رچوار ده‌ستگیركراوه‌كه سه‌ر به هیچ گروپ‌و لایه‌نێكی دیاریكراو نین، له‌هه‌ر سێ پێكهاته‌كه‌ی تێدایه".
هه‌ردوو گه‌ڕه‌كی عه‌سكه‌ری‌و تین له‌خورماتوو، به‌شێك له‌دانیشتوانه‌كانیان توركمانی شیعه‌ن‌و موختاره‌كانیشیان توركمانن، ئێستا جگه له‌كۆچی كورده‌كان، به‌شێكی زۆر له عه‌ره‌به سوننه‌كان ئه‌و دوو گه‌ڕه‌كه‌یان جێ هێشتووه.
ئه‌ندامێكی توركمان له‌ئه‌نجومه‌نی قه‌زای خورماتوو، ره‌تیده‌كاته‌وه هیچ پێكهاته‌یه‌ك له‌قه‌زاكه هه‌ڕه‌شه له‌پێكهاته‌ی دیكه بكات‌و ده‌ڵێت "ئه‌وانه‌ی هه‌ڕه‌شه ده‌كه‌ن چه‌ند كه‌سێكن په‌یوه‌ندییان به هیچ پێكهاته‌یه‌كه‌وه نیه".
عه‌لی حوسێن به‌خه‌ندانی وت "كۆچی به‌شێك له هاوڵاتیانی خورماتوو، په‌یوه‌ندی به‌لاوازی ده‌زگای ئه‌منییه‌وه هه‌یه‌و كۆمه‌ڵێك كه‌سن له‌ده‌ره‌وه‌ی یاسا هه‌ڕه‌شه‌یان كردوه، په‌یوه‌ندییان به‌هیچ پێكهاته‌یه‌كه‌وه نیه، به‌ڵكو كه‌سانێك بوون كه له‌پێناو پاره ئه‌و كاره‌یان كردووه".
له‌بارگرژیه‌كانی چه‌ند مانگی رابردوو خورماتوو، كه بۆ زیاد له‌جارێك سه‌رهه‌ڵدایه‌وه، ژماره‌یه‌ك خه‌ڵك‌و ئه‌ندامی ده‌زگا ئه‌منیه‌كان له‌هه‌رسێ پێكهاته جیاوازه‌كه‌ی قه‌زاكه بوونه قوربانی، به‌ڵام دوای چه‌ند جارێك رێككه‌وتن به‌تایبه‌ت له‌نێوان لایه‌نی كورد‌و چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی، دۆخه‌كه تاراده‌یه‌ك هێوربووه‌وه.
