"ئیتالیا پشتی هەرێم بەر نادات"
لە سەرەتای دیدارەکەدا، كە ژمارەیەك لە ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنە جیاجیاكان ئامادەی بوون، جێگری سەرۆكی پەرلەمان بە ناوی هەموو ئەندامانی پەرلەمانەوە سوپاسی گەل و حكوومەتی وڵاتی ئیتالیای كرد و ڕۆڵ و هەڵوێستەكانی "پیێر كازینی"ـی وەكو دۆستێكی نزیكی گەلی كوردستان پەسن دایەوە؛ هەروەها ئاماژەی بە ڕۆڵی وڵاتی ئیتالیا كرد لە پشتیوانیكردنی هەرێمی كوردستان و یارمەتیدانی لە شەڕی دژی تیرۆردا و هاوكاریكردنی ئاوارەكان و هەڵوێستە ئەرێنییە سیاسییەكانی بەرانبەر بە داوا و كێشەكانی گەلی كوردستان.
"پیێر كازینی"ـیش مەبەستی سەردانەكەیانی خستە ڕوو و گوتی: "ئێمە هاتووین بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ڕێز و سوپاسی خۆمان ئاراستەتان بكەین بەرانبەر هەڵوێست و ئازایەتی ئێوە لە شەڕی دژی داعشدا كە بەرگری لە هەموو جیهانی ئازاد دەكەن." ئینجا جەختیشی لەسەر هەڵوێستی وڵاتەكەی كردەوە بۆ یارمەتیدان و پشتیوانیكردنی كوردستان لە هەموو ڕوویەكەوە و، پتەوكردنی ئاستی پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان هەردوو لا و، لەم بارەیەوە ئاماژەی بە پێگەی گرنگ و تایبەتمەندی هەرێمی كوردستان كرد."
هەر لە دیدارەكەدا چەند بابەتێكی پەیوەست بە ڕەوشی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا خرانە ڕوو؛ ئینجا دەربارەی ئەو بابەتانە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وەڵامی چەند پرسیارێكی ئەندامانی شاندەكەی دایەوە و گوتی: "هەموو هەوڵێكمان داوە عیراقێكی دیموكراتیک بنیاد بنێین و بەشێك بووینە لە چارەسەر بەڵام ناكرێت تا هەتایشە هەر چاوەڕوان بین."
هەروەها ئەندامانی پەرلەمانی كوردستانیش تێبینی و ڕاو و بۆچوونی خۆیانیان خستە ڕوو سەبارەت بە مافەكانی گەلی كوردستان و قۆناغ و پێگەی ئێستای هەرێمی كوردستان و زیاتر پشتیوانیكردنی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و مافی پێكهاتەكان و كێشەی ئاوارەكان.
لە كۆتایی دیدارەكەشدا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان چەند دیارییەكی پێشكەش بە سەرۆك و ئەندامانی شاندەكە كرد كە بریتی بوون لە لۆگۆی پەرلەمانی كوردستان و چەند كارێكی دەستیی كوردی.
KDP
