پەرلەمانتارێکی یەکێتی: لەگەڵ گۆڕان لەبەغدا باشتر دەبین
بەختیار شاوەیس، پەرلەمانتاری یەکێتی لە میانەی وتارێکدا لە ژمارەی رۆژی یەکشەممە26ـی حوزەیرانی 2016ـی رۆژنامەی کوردستانی نوێ، رایگەیاندووە، کە ”سیاسەتی ناڕاست و چەوت“ی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە قۆناغەکانی رابردوو بەرامبەر بە حکوومەتی عێراق، ”قەیران و کەلێنی گەورەی“ لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق دروست کردووە، ئەگەرچی خۆیشیان نیوەبەشی ئەو حکومەتەن.
بەختیار شاوەیس پێیوایە سەردانی شاندە هاوبەشەکەی یەکێتی و گۆڕان بۆ بەغدا ”پێویست و گرنگ“بوو، بۆ ئەوەی ”جەوهەری رێککەوتنەکە بگەیەنرێتە لایەنە سیاسی و ئیدارییە دەستڕۆیشتووەکانی عێراق“.
ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی باس لەوەش دەکات، کە ”پێویستە“ رێککەوتنەکەیان لەگەڵ گۆڕان ببەنە بەغدا و لایەنە سیاسییەکانی عێراقی لێ ئاگادار بکەنەوە، وێڕای ئەوەی لە بەغداوە وڵاتانی عەرەبی و ناعەرەبیی وەک ئێران و تورکیا لە رێککەوتنەکە ئاگادار بکرێنەوە، ”کە بۆ ”هەرێم گرنگن“.
بە گوتەی بەختیار شاوەیس، بەپێی بڕگەی 1 ماددەی 15ـی رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان”دەبێ ئیئتیلافی پەرلەمانی پێکبێت“ و پەرلەمانتارانی هەردوولا یەکبگرن و ئەم هەنگاوەش کاریگەریی ئەرێنی لە پەرلەمانی عێراق، جوڵەی دیپلۆماسی و گفتوگۆی نێوان کوتلەکان جێدەهێڵێت، ”چونکە ژمارە لە گێرمە و کێشەی ژیانی پەرلەمانیی رۆڵی یەکلاکەرەوە دەبینێت و دەبینە 30 کورسیی پەرلەمانی و گەورەترین فراکسیۆنی کوردی“.
شاوەیس پێیوایە گەورەبوونی گۆڕان و یەکێتی لە بەغدا لە چوارچێوەی ئیئتیلافێکدا، ”ئومێد“ دروست دەکات بۆ چارەسەربوونی ”پرسی کەرکووک“، ”راستکردنەوەی سیاسەتی شکستخواردووی هەرێمی کوردستان“ و یەک گوتاریی هەردوو حزب لەبارەی پرسی ریفراندۆمی کوردستانی باشوور لە بەغدا.
لە کاتێکدا حزبەکەی هاوبەشی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی ئاماژەی بەوە کردووە، کە ”قەیرانە ناوخۆیی و دەرەکییەکان“ لەسایەی کەللە ڕەقیی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دروست بوون و رێککەوتنەکەشیان ناتوانێ ”لەماوەیەکی سنوورداردا“ ببێتە هۆی چارەسەرکردنی ئەو کێشە و قەیرانانە.
لە ناوەڕاستی ئەم مانگە، ئاسۆ فەرەیدوون، پارێزگاری سلێمانی سەردانی شاری بەغدای کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق کۆبووەوە.
دواتر شاندێکی هاوبەشی یەکێتی و گۆڕان سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەوە.
رۆژی سێشەممە 17ـی ئایاری 2016، بە ئامادەبوونی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، کۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتیی گۆڕان رێککەوتننامەی هاوبەشیان لەنێوان حزبەکانیان واژۆ کرد.
باسنیوز
