شاندی یەكێتی و گۆڕان بۆ عەبادی: لە عێراق جیانابینەوە
هەروەها بەرپرسێكی حیزبی دەعوەی عێراق كە لەلایەن نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراقەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، رایگەیاند كە شاندی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان لەبارەی گشتپرسییەوە رای خۆیان بەوان گوتووە و دڵنیایان كردوونەتەوە كە ئەوان لەگەڵ جیابوونەوە لە عێراق نین.
ئەندامێكی ئەو شاندە هاوبەشە لە لێدوانێكدا دەڵێت "سەردەمی پارتی وەكو هێزی یەكەم لەبەغدا گوزەشت، ئیدی یەكێتی و گۆڕان ژمارە یەكن".
یەكێتی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان ئێستا لە بەغدا لە دەرگای حیزبە عێراقییەكان دەدەن، ئەندامێكی شاندی هاوبەشی هەردوو حیزبەكە دەڵێ سەردانەكەیان بۆ ئەوەیە پێیان بڵێن كە دەبنە یەك ئیئتیلاف و "چیدی پارتی هێزی یەكەم نییە".
دوای واژۆكردنی رێككەوتنی سیاسیی نێوانیان لە 17/5/2016، شاندی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان رۆژی 25/6/2016 لە بەغدا لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق و شاندێكی حیزبی دەعوەی عێراق كۆبوونەوە. ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی حیزبی دەعوە بەشێكی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی ئاشكرا كردووە.
عەلی عەلاق كە بە یەكێك لە سەركردە دیارەكانی حیزبی دەعوە هەژمار دەكرێ، گوتی "یەكێتی و گۆڕان هاتبوون بۆ ئەوەی بڵێن لە یەكدی نزیكین و لە پەرلەمان و حكومەت ئیدی بەیەكەوە كار دەكەین".
عەلی عەلاق هەروەها گوتی "شاندەكە گوتیان دەمانەوێ دانوستاندنی جددی لەگەڵ بەغدا بكرێ، لێژنە دروستبكرێن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و هەوڵ دەدەین پەیوەندییەكانمان لەگەڵ بەغدا پەرە پێبدەین".
حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق دوای كۆبوونەوە لەگەڵ شاندی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان لە پەیجی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاوی كردەوە "شاندەكەی یەكێتی و گۆڕان دیدی نوێیان هەبوو، پڕۆژەیان هەبوو بۆ چارەسەركردنی كێشەكان".
عەلاق كە خۆی بەشداریی كۆبوونەوەكەی كردووە، لەبارەی دیدی نوێی یەكێتی و گۆڕان و پرسیاری سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ شاندەكە لەمەڕ پرسی ریفراندۆم دەڵێت "گوتیان ئێمە وەكو بەرەیەك (یەكێتی و گۆڕان) دەمانەوێ سەرلەنوێ لەگەڵ بەغدا دانوستاندن بكرێ و دیدی نوێمان هەیە و لەعێراق جیا نابینەوە و بەشێكین لە عێراقی یەكگرتوو".
ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی حیزبی دەعوە هەڵوێستی خۆیانی لەسەر گشتپرسی و جیابوونەوەی باشووری كوردستان لە عێراق راگەیاند و گوتی "ئەوەی دەڵێ جیادەبینەوە لە عێراق قسەیان لەگەڵ ناكەین، ئەوەی دەڵێ لەگەڵ عێراق دەبین بێگومان پێشوازییان لێدەكەین".
بەشێك لە ماددەكانی رێككەوتنی نێوان یەكێتی و گۆڕان پەیوەندی بە بەغداوە هەیە. شوان داودی، ئەندامی شاندی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان بۆ بەغدا گوتی "كوتلەی ئێمە (یەكێتی و گۆڕان) دەبێتە گەورەترین كوتلەی كوردستانی لە بەغدا و 30 كورسیمان دەبێ و كاریگەری خۆی دەبێ".
داودی كە پەرلەمانتاری یەكێتییە لە پەرلەمانی عێراق، هەروەها دەڵێ "بەغدامان تێگەیاند كە ئیدی رێگە لە تاكڕەوی و یەكلایەنەی پارتی دەگرین و هاوسەنگی دروست دەكەین و چیدی پارتی هێزی نەمبەر وەن نییە". گوتیشی "پارتی چیدی ناتوانێ بە تەنیا مامەڵە بە مەلەفی نەوت، بڕیاری سیاسی و ئیداری بكات و بە بەغداشمان گوتووە هاوسەنگی بۆ بڕیاری سیاسی دروست دەكەین".
ئەم هەڵوێستەی یەكێتی و گۆڕان نیگەرانیی هەرسێ فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتوو و پارتی بە دوای خۆیدا هێناوە، بەشێوەیەك سەردانی شاندە هاوبەشەكەی یەكێتی و گۆڕان بە "لەتكردنی كوردستان" ناودەبەن.
ئەحمەدی حاجی رەشید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت "بەرژەوەندیی حیزبی و پەیوەندیی حیزبی بووەتە هۆی دوولەتبوونی كورد لە بەغدا".
ئەحمەدی حاجی رەشید هەروەها گوتی "كورد ئیدی لەبەغدا زیاتر لە دوو بۆچوونیشی دەبێ، بۆچوونێك یەكێتی و گۆڕان پێكەوە، بۆچوونێك پارتی، بۆچوونی سێیەم كۆمەڵ و یەكگرتوو وەكو دوو هێزی ئیسلامی. ئەمەش بۆ پێگەی كورد زەرەری دەبێ كە پێشتر كورد یەكدەنگ بوون".
ئەحمەدی حاجی رەشید، رەخنە لە شێوازی رۆیشتنی شاندی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان هەیە بۆ بەغدا "كورد ئیدی بە دوو ئاراستە دەچێتە بەغدا، ئەمەش عەیبێكی گەورەیە".
پارتی دیموكراتی كوردستان هۆشداریی توند دەداتە شاندەكەی یەكێتی و گۆڕان. رێناس جانۆ، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق باسی هەڵوێستی فراكسیۆنەكەیان دەكات لە پەرلەمانی عێراق كە خاوەنی 28 كورسین و دەڵێت "هەر كاتێ گۆڕان و یەكێتی بیانەوێ بەزیادبوونی ژمارەی كورسییان لەپەرلەمانی عێراق یاری لەگەڵ پارتی بكەن، دەبێ چاوەڕێی سوپرایز بكەن لە پارتی".
یەكێتی و گۆڕان هۆكاری چارەسەرنەكردنی كێشەكان لەگەڵ بەغدا بۆ پارتی دەگەڕێننەوە، بەڵام رێناس جانۆ دەڵێت "ئەگەر كێشەی هەولێر و بەغدا بە گۆڕان و یەكێتی چارەسەر دەكرێ، ئەی بۆ تاوەكو ئێستا چارەسەریان نەكرد".
هەروەها دەپرسێ "بۆچی عەبادی بە 30 كورسی دەیەوێ كێشەكان چارەسەر بكات، بۆچی بە 65 كورسی چارەسەری نەدەكرد؟".
جانۆ پێیوایە هەوڵەكانی یەكێتی و گۆڕان لە بەغدا ئەنجامیان نابێت "فراكسیۆنی یەكێتی و گۆڕان ناوەندی بڕیاری كوردستان نین، تاوەكو لە بەغدا بەناوی كوردەوە قسە بكەن". بەڵام شوان داودی دەڵێت "پارتی كێشەی خۆیەتی و بۆی نییە بە ناوی كوردەوە قسە بكات، ئێمە بەشێكین لە دەوڵەتی عێراق و نابێ لە بەغدا دووربكەوینەوە".
هۆشیار عەبدوڵڵا، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق باسی كاری داهاتووی فراكسیۆنەكەیان و یەكێتی لە بەغدا دەكات و دەڵێت "رێككەوتنی نێوان یەكێتی و گۆڕان پڕۆژەیەكی سیاسییە، ئیدی وەكو ئیئتیلافێك لە بەغدا مامەڵە دەكەین".
سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان كە حیزبەكەی 9 كورسییان لە پەرلەمانی عێراق هەیە، هەروەها دەڵێت "عەبادی تێگەیشتنی زۆری هەبوو بۆ رێككەوتنەكە و دەستخۆشی لێكردین و گوتی با كێشەكان چارەسەر بكەین، بۆیەش نوسخەیەكی رێككەوتنەكەمان دایە عەبادی".
بەبڕوای هۆشیار عەبدوڵڵا كە ئەندامی شاندی گۆڕانە بۆ بەغدا، شاندەكە تاوەكو 28ی ئەم مانگە لە بەغدا دەمێنێتەوە و دوای گەڕانەوەیان ئەنجامی گفتوگۆكان بۆ رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان باس دەكەن.
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان نیگەرانە لە پەرتەوازەبوونی كورد لە بەغدا كە تاوەكو ئێستا بە یەكێك لە بەهێزترین گرووپی سیاسی لە عێراق هەژمار دەكرا، بەڵام وەك خۆیان دەڵێن ئیدی ئەو كاتە بەسەرچوو.
موسەنا ئەمین، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی عێراق دەلێ "بەلای منەوە دیدار و دانوستاندنەكانی شاندی یەكێتی و گۆڕان بەتەنیا لەگەڵ هێز و لایەنەكانی عێراق ئاسایی نییە. ئەمە گوزارشت لە شێواویی نێو ماڵی كورد دەكات".
رووداو
