داعش پەلاماری سەر بنكە سەربازییەكەی ئوردنی لەئەستۆ گرت
بەگوێرەی هەواڵێكی سكای نیوز، ئاژانسی هەواڵی ئەعماق-ی نزیك لە داعش لەبەیاننامەیەكدا كە یەكشەممە بڵاویكردۆتەوە ئاماژەی بەوەكردووە، پەلامارەكە لەلایەن یەكێك لەچەكدارانی ئەو رێكخراوەوە ئەنجامدراوە بەبێ ئەوەی روونكردنەوەی زیاتر بدات.
پێشتر و لە رۆژی 21ی ئەم مانگەدا سوپای ئوردن رایگەیاند، لەئاكامی پەلامارێكی خۆكوژی كەلەڕێی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراوەوە لەنزیك كەمپی پەنابەرانی سوریا لەناوچەی "روكبان" ئەنجامدراوە، 7 سەربازی ئەو وڵاتە كوژراون و 14ی تریش برینداربوون.
دوای رووداوەكەش شا عەبدوڵای دووەمی پادشای ئوردن لە میانی كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانی ئوردن رایگەیاند، ئوردن بە دەستێكی ئاسنییەوە رووبەڕووی هەموو ئەوانە دەبێتەوە كە هەوڵ بۆ لەقكردنی ئاسایشی وڵات و بەزاندنی سنورەكانمان دەدەن.
هەمان رۆژ فەرماندەی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئوردن لە بەیاننامەیەكدا كە ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردەوە ناوچە سنووریەكانی ئەو وڵاتەی لەگەڵ سوریا كە لەهەمان كاتدا یەكتر بڕن لەگەڵ عیراق وەك ناوچەی سەربازی داخراو راگەیاند، هەروەك حكومەتی عەممان دروستكردنی هەموو جرە كەمپێكی بۆ هاوڵاتیانی سوری لە سنووری ئەو وڵاتە راگرت.
پەلاماری سەر بنكە سەربازییە سنووریەكەی ئوردن لەكاتێكدا هات كە رۆژی 6ی ئەم مانگە هێرشكرایەسەر نوسینگەیەكی سەر بە هەواڵگریی لەباكوری عەمانی پایتەختی ئەو وڵاتەو لەئاكامدا 5 ئەندامی هەواڵگریی كوژران.
زیاتر لەدوو ساڵە ئوردن بەشدارە لەهاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ئەمریكا لەشەڕی دژی داعش لەسوریا و عیراق.
خەندان
