پارتی وەڵامی گۆڕان و یەکێتی دەداتەوە

پارتی وەڵامی گۆڕان و یەکێتی دەداتەوە
پارتی دیموکراتیی کوردستان، وەڵامی بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەداتەوە و دەڵێت: "چیتان هەیە بە ئێمەی بڵێن؟ پێویست ناکات بە لایەنە عێراقییەکانی بڵێن".

ئەمڕۆ یەکشەممە 26\6\2016، کاوە محەممەد، پەرلەمانتاری گۆڕان و ئەندامی شاندی سەرکردایەتیی هاوبەشی گۆڕان و یەکێتی بۆ بەغدا، بە میدیاکانی ڕاگەیاند، داوایان لە ئوسامە نوجێفی، سەرۆكی هاوپەیمانیی هێزە نیشتمانییەكانی عێراق كردووە، “بەو پێیەی كەسێكی نزیكە لە پارتی”، هاوكارییان بكات، تاوەکوو بۆ پارتی ڕوون بکاتەوە کە ڕێککەوتنەکەی یەکێتی و گۆڕان بۆ چارەسەری كێشەكانی هەرێمی کوردستان و عێراقە، نەك بۆ دژایەتیکردنی پارتی.

لە بەرامبەردا نەجات حەسەن، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ڕايگەیاند: “ئەم قسانە بۆ داپۆشینی ئەو سەردانەیانە بۆ بەغدا، لە کاتێکدا نازانن ئەمە زیان لە ناوبانگی هەرێمی کوردستان دەدات و بۆ خۆڵکردنە ناو چاوی خەڵکە، بۆ ئەوەی وای نیشان بدەن کە ڕووداوە سیاسییەکانی کوردستان لە بەرژەوەندیی خۆیان ئاراستە دەکەن”.

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی ئەوەشی ڕوون کردەوە: “نەوشیروان مستەفا چۆن ئاراستەی ڕاگەیاندنەکانی دەکات، ئاواش دەتوانێت لە یەکێک لەو دانیشتانەدا، پەیامەکەی خۆی بە پارتی بگەیەنێت، چ پێویست دەکات لە لایەنێکی عێراقییەوە بیەوێت ئەوەمان پێ بێڵێت؟".










باسنیوز
Top