كوردەكان گەڕەکێکی خورماتوویان چۆڵ كرد

كوردەكان گەڕەکێکی خورماتوویان چۆڵ كرد
بەرپرسی لیژنەی ناوچەی خورماتوی پارتی دەڵێ، چەند رۆژێك لەمەوبەر لەلایەن میلیشیا شیعەكانەوە و لە ڕێگای بڵاوكراوەیەكەوە هەڕەشەی دەركردن لە كوردەكانی گەڕەكی (عەسكەری) شارۆچكەی خورماتوو كراو ئێستایش ئەم گەڕەكەیە بەتەواوی لەلایەن كوردەكانەوە چۆڵكراوە.

(ئەحمەد عەزیز شێخ لەنگەری) راگەیاند: "ئەم چوارشەمەیە لەلایەن میلیشیا شیعەكانەوە و لە ڕێگای بڵاوكراوەیەكەوە هەڕەشەی دەركردن لە كوردەكانی گەڕەكی (عەسكەری) شارۆچكەی خورماتوو كرا، ئەوەتا ئێستا ئەم گەڕەكەیە بەتەواوی لەلایەن كوردەكانەوە چۆڵكرا و ئەوەی چۆڵیشی نەكردبێ لەسەر دیواری ماڵەكەی بە خەتی سوور هەڕەشەی بۆ دەنووسن."

گوتیشی: "ئەگەر دۆخی ئەم شارە بەم شێوەیە بڕوات ئەمڕۆی لە سبەینێ باشتردەبێت و بەردەوام ڕوو لە خراپییە."

(شێخ لەنگەری) ئاماژەیشی دا: " هەر لەسەرەتای رێكەوتنەكەی لایەنێكی كوردی و حەشدی شەعبی لە شەڕەكەدا بڕوامان بە رێكەوتنەكە نەبوو، ئاخر ئێمە ئەزمونێكمان لەگەڵ ئەم برادەرانە هەیە كە نە خاوەن بڕیاری خۆیانن و نەگوێ بە رێكەوتنەكانیشیان دەدەن.

هەر لەدوای رێكەوتنەكەشەوە بە سەدان پێشێلكاری بەرانبەر بە كورد كراوە لە شارەكەدا، ئەوەتا خەڵك تیرۆر كراوە و رفیندراوە و سوكایەتی پێ كراوە .

گوتیشی" لە پشت بارەگاكەی ئێمەوە خاڵێكی سەربازی حەشد هەیە كە بەپێی رێكەوتنەكە دەبوو لاببرێت، بەڵام وا لەجاران بەهیزتریشیان كردووە."
Top