پەرلەمانتارێکی کورد: پارەیەکی زۆر هەیە و مالیکی نایەڵێت بە کوردستان بدرێت

پەرلەمانتارێکی کورد: پارەیەکی زۆر هەیە و مالیکی نایەڵێت بە کوردستان بدرێت
ئەندامێکی کوردی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، پارەیەکی زۆر لە عێراقدا هەیە و دەوڵەتی یاسا و سەرۆکی ئەو ئیئتیلافە کە نووری مالیکییە، ڕێگا نادەن ئەو پارە بە هەرێمی کوردستان بدرێت.

حاکم سەرحان ئەحمەد، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕايگەیاند: “پارەی یەدەگی عێراق 53 ملیار دۆلارە کە لە بانکی ناوەندیی عێراقدا هەیە، بەڵام عێراق بە بەهای 70 ملیار دۆلار قەرزی کردووە، کە بەشێکی قەرزەکانی بۆ سەردەمی سەدام حوسێن دەگەڕێتەوە”.

ئەوەشی ڕوون کردەوە، بەغدا دینارێک بە هەرێمی کوردستان نادات، چونکە گروپی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجومەنی وەزیران، فشاریان لەسەر سەرۆک وەزیرانی عێراق دروست کردووە و لۆبییەکی گەورەیان داناوە، بۆ ئەوەی هیچ یەکێک لەو پارانەی عێراق وەری دەگرێت، بەهیچ شێوەیەک بە هەرێمی کوردستان نەدرێت. گوتیشی: “بە ڕاشکاوانە بە عەبادییان گوتووە کە نابێت پارە بداتە هەرێمی کوردستان".

حاکم ئەحمەد ئەوەشی ئاشکرا کرد: “هەر کاتێک بەغدا نییەتی باش بێت، ئامادەیی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن هەیە، بەڵام ئەم نیازی نییە، بۆیە بڕیاری خۆمان داوە کە ئەویش گفتوگۆیە لەگەڵ بەغدا سەبارەت بە ڕیفراندۆم، وەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە”.











باسنیوز
Top