چاودێرێكی سیاسی: پێویستە لایەنەكان بە دەم پەیامەكەی سەرۆك بارزانییەوە بچن
چاودێری سیاسی و مامۆستای زانكۆ (د. ساڵح مەلاعومەر)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "گۆڕانكارییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خێران، بۆیە دەرفەتێكی زۆر گرینگ بۆ هەرێم هاتووەتە پێش كە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، لەبەر ئەو ئەركە مێژووییەی كە لە ئەستۆی (سەرۆك بارزانی)ـیە كە سەرۆكی هەرێمە، داوای لە هەموو لایەنەكان كردووە ناكۆكیی سیاسیی خۆیان وەلا بنێن و بێن دانیشن و بڕیار لە چارەنووسی كورد بدەن".
(مەلاعومەر) گوتیشی: "لە پەیامەكەیدا، (سەرۆك بارزانی) داوای كردووە بەرژەوەندیی تەسكی حیزبی نەبێتە رێگر و وەلای بنێن و نەیكەنە قوربانی بەرژەوەندیی نیشتیمانی، بۆیە هەر لایەنێك هەست بە بەرپرسیارەتی بكات، پێویستە لەو پەیامە بگات، لەبەر ئەوەی ئەو بارودۆخەی هەرێم تێیدایە، زۆر لەوە گەورەترە حیزبێكی سیاسی بیر لە بەرژەوەندی تەسكی خۆی بكاتەوە".
ئەو چاودێرە سیاسییە راشیگەیاند، پێویستە هەموو لایەنەكان لە ژێر یەك چەتردا كۆ ببنەوە بۆ بەدەستهێنانی مافی گەلی كوردستان و ئەوچەترەیش (سەرۆك بارزانی)ـیە و پێویستە لە رێگەی ئەوەوە هەر فەرمانێك هەبێت، بدرێت.
ڕوونیشی كردەوە، ئەگەر لایەنەكان هەست بە بەرپرسیارەتی بكەن، كوردستان دەتوانێ لە قۆناغی ئەمرۆدا بڕیاری یەكلاكەرەوەی خۆی بدات و دنیا رێزی لێ دەگرێت، چونكە دەبینین لە دنیادا چۆن رێز لە بڕیاری گەلان دەگیرێت، نموونەیش بەریتانیایه كە لە یەكێتیی ئەورووپا جیا بووەوە، بۆیە ئێستایش كاتی جیابوونەوەی كوردە لە عێراق.
KDP
