سوپای پاسداران لە ترسی بوونی هێزی پێشمەرگە کوێستانەکانی ناوچەی مەهاباد تۆپباران دەکات

 سوپای پاسداران لە ترسی بوونی هێزی پێشمەرگە کوێستانەکانی ناوچەی مەهاباد تۆپباران دەکات
دوانیوەڕۆی دوێنێ هەینی 2016 -6 -24 لە ناوچەی مەنگوڕایەتیی سەر بە شاری مەهاباد لە نێوان تیمێکی پێشمەرگەکانی حدکا و سوپای پاسداران شەڕ و پێکدادان ڕووی دا.



بەپێی ئەو هەواڵ و زانیارییانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراونەتەوە، ئەو شەڕە سەعات 4ی ئێوارەی دوێنێ لە نزیک گوندی "مڕانێ و سەرتان"ی سەر بە ناوچەی مەنگوڕایەتیی مەهاباد ڕووی داوە و بەپێی زانیاریی دوو ماڵپەڕی ڕۆژی کورد و هەڵۆی کوردستان چوار ئەندامی سوپای پاسداران کوژراون و بردیندارێکی زۆریشیان هەیە


کوردستان میدیا، ماڵپەڕی زمانحاڵی فەرمیی حدکا لەم بارەوە نووسیویە " لە دوێنێوە هێزی تۆپخانەی سوپای پاسداران بە چەکی قورس و تۆپ ناوچە شاخاوییەکانی "لەندی ‌شێخان" و شاخەکانی "بنگوێن" بە توندی تۆپباران دەکات."



ئاماژەی بەوەش کردووە " سوپای پاسداران لە ترسی بوونی هێزی پێشمەرگە کوێستانەکانی ناوچەی مەهاباد تۆپباران دەکات."


ماڵپەڕی ڕۆژی کورد نووسیویە "لەو شەڕەدا چەند ئەندامێکی کوردی سوپای پاسداران کوژراون، بەڵام لەبەر پشتڕاست نەکردنەوەیان ناوەکانیان بڵاو نەکراونەتەوە و هەروەها نووسیویە شەڕەکە ئێوارەدا قورس بووە و ناوچەکانی "بێنگوین، حەسەن چەپ و دوو چۆمان"یشی گرتووەتوەتەوە."


هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش داوە "دوێنێ ئێوارە لە سێ کوچکەی مەهاباد، ڕەبەت و بۆکان، شەڕێکی توند لە ئارادا بووە و تۆپباران و بۆردومان بەردەوامە."


ڕۆستەم جەهانگیری ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حدکا و گوتەبێژی ئەنجومەنی سەربازیی ئەو حزبە لە لێدوانێکدا ڕاگەیاند "هەتا ئێستا لەم بارەی شەڕەکەوە زانیاریی ورد لەبەردەستدا نییە."






باسنیوز
Top