لەماوەی هەفتەیەکدا 100 خێزانی کورد خورماتوویان جێهێشتووە

 لەماوەی هەفتەیەکدا 100 خێزانی کورد خورماتوویان جێهێشتووە
لەژێر هەڕەشەی چەکدارە شیعەکاندا لەماوەی یەک هەفتەدا زیاتر لە 100 ماڵی کورد گەڕەکی عەسکەری و تین-یان لە شارۆچكەی خورماتوو بەجێهێشتووە.

گەڕەکی عەسکەری پێشووتر هەر سێ پێکهاتەی کورد، عەرەب وتورکمانی شیعەی تێدا نیشتەجێبوون، بەڵام ئێستا لەکۆی هەزار ماڵی کورد کەمتر لە 20 خێزان ماون، کە ئەوانیش لەسەر خانووەکانیان نوسراوە بۆ فرۆشتن و گەڕەکەکە جێدەهێڵن.

حەسەن بارام، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی 16ی حەمرینی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە رووداوی گوت "راستە حەشدی شەعبی ئەو رووداوانە رەتدەکاتەوە و دەڵێ ئەوان نین، بەڵام ئەو گرووپانەی کە لەژێر سایەی ئەوانن جۆرێک لەمافیایان درووستکردووە، جۆرێک لە خەڵک درووستبووە راورووت و تەسفیەی حسابات دەکات".

حەسەن بارام راشیگەیاند "دەبێ سەرکردایەتی سیاسی کورد لەبارەی خورماتوو دوا قسەبکات و بڕیار لە چارەنووسی ئەم شارۆچكەیە بدات".

نەجات زەینەڵ، کە پشتاوپشتی باپیرانیی لەخورماتوو ژیاون، ئێستا بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە زێدی خۆی دەکات و باس لە هۆكاری جێهێشتنەكەشی دەكات.

نەجات زەینەڵ گوتی "ماتۆڕێک لەسەر جووتسایدەکە لای گەڕەکی مام ئەحمەد پێشمانیان گرت و گوتیان ئێوە کارمەندی فەرمانگەی ئاوی خورماتوون. کورد بەهیچ شێوەیەک لێرە نەمێنێت، ئێرەمان بۆ چۆڵ بکەن و بڕۆن بۆ گەڕەکە کوردنشینەکان بۆ شارەکانی خۆتان".

هاونیشتمانیانی خورماتوو ئەگەرچی ماڵەکانیان دەگوازنەوە و شارۆچكەكە جێدەهێڵن، بەڵام هێشتا بەشێکیان ترسیان لەوەیە لەبەردەم کامێراکان دەربکەون.

هاونیشتیمانییەك گوتی "مرۆڤ کوشتن لێرە وەک ئاو خواردنەوەیە. شارۆچكەكە خاوەنی نییە و ئەمن و ئاسایشی تێدا نییە. ئەوەتا ئێمە کوردێکی زۆرین لەگەڕەکی حەی عەسکەری هەموومان جێمان هێشتووە".

لەماوەی چوار رۆژ پێنج کەس لەلایەن چەکدارەکانەوە کوژراون. ئافرەتێك، کەهاوژینەکەی بەدەستی چەکدارەکان شەهیدکراوە، ئێستا خۆیشی لەژێر هەڕەشەی جێهێشتنی ماڵەكەیدایە و دەڵێت "دوو کوڕم پێشمەرگەیە و سێ خێزانین، پیاوەكەم پۆلیس بوو، کوژرا. ئێستا نازانم بۆ کوێ بڕۆم".

ئەو ناسەقامگیرییەی خورماتووی گرتووەتەوە لەدوای چەندین رێککەوتنی کورد و حەشدی شەعبی دێت، بەڵام بەگوتەی بەرپرسانی ئەو شارۆچكەیە تاوەكو ئێستا 20%ی دوایین رێککەوتنیش جێبەجێ نەکراوە.
Top