هەولێر؛ دووكەس بەتۆمەتی كوشتنی مێردمنداڵەكەی بەحركە دەستگیركران
هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر وتی"دوو كەسمان بە تۆمەتی كوشتنی یوسف فاروقی تەمەن 15ساڵان دەستگیركردووەو تاوانباران دانیان بە تاوانەكەیاندا ناوە".
وتەبێژی پۆلیسی هەولێر، ئەوەشی خستەڕوو، ئەو دوو كەسە یەكێكیان كوڕی پوری كوژراوەكەیەو ئەوەی دیكەشیان هاوڕێی ئەو پورزایەی كوژراوەكەیە.
19ی ئەم مانگە لەكۆمەڵگەی بەحركەی شاری هەولێر مێرد منداڵێكی تەمەن 15 ساڵ بەكوژراوی دۆزرایەوە، ئەوەش دوای چوونەدەرەوەی لەماڵ بە 18 كاتژمێر.
ئەو مێردمنداڵە ناوی یوسف فاروقەو باوكی دەڵێت"بە بلۆك كوژراوەو بەكوژراوی لەناو كەلاوەیەكدا دۆزیمانەوە".
فاروق محەمەد، باوكی یوسف بۆ خەندان ئەوەی خستەڕوو كە كوڕەكەی هیچ كیشەی نەبووەو لەگەڵ پورزاكەیدا بەنیازبووە بچێت بۆ بازاڕ جلی جەژن بكڕێت.
"بەپێی وتەی دەستگیركراوان كە یەكێكیان پۆلیسو ئەویدیكە ئاسایش دەستگیری كردووە، بكوژەكە كە كوڕی پوری كوژراوەكەیە قەرزاربووە بۆیە ئەو كارەی كردووە تا پارەی دەستبكەوێتو قەرزەكانی بداتەوە، دوو مۆبایلو بڕێكی كەم پارەی كوژراوەكەی بردووە"هۆگر عەزیز وای وت.
باوكی كوژراوەكە ئەوەشی خستەڕوو كوڕەكەی لەكاتی كوژرانیدا دوو مۆبایلی ئایفۆنو گالاكسییەكو بڕی تەنها 5 هەزار دیناری پێبووە، چونكە هێشتا پارەی هەڵنەگرتووە بۆ كڕینی جلو بەرگ.
فاروق محەمەد وتیشی"داوادەكەم بكەرەكانی ئەو كارە بەسزای خۆیان بگەن".
