28 رۆژە منداڵێک لە زاخۆ بێسەروشوێنە

 28 رۆژە منداڵێک لە زاخۆ بێسەروشوێنە
لەماوەی کەمتر لە مانگێکدا دوو منداڵی خوار تەمەن هەشت ساڵ لە دهۆک و زاخۆ دیارنەمان، دوای ئەوەی تەرمی یەكێكیان دۆزرایەوە ئەوی دیكە تاوەكو ئێستاش بێسەروشوێنە.

چەند رۆژێک لەمەوبەر منداڵەکەی دهۆک بەناوی "مینا مێڤان" تەمەن 18 مانگ بە کوژراوی لە گوندێکی نزیک دهۆک دۆزرایەوە. بەڵام منداڵەکەی زاخۆ کە ناوی "ئیبراهیم داخاز ئیبراهیم"ـە و تەمەنی حەوت ساڵە لە رۆژی 26-5-2016ـەوە ونبووە و تاوەكو ئێستاش چارەنووسی نادیارە.

دوای رووداوی خنکاندنی مینای تەمەن 18 مانگ، کەسوکاری ئیبراهیم و خەڵکی زاخۆ بەگشتی ترسی رووداوێکی هاوشێوەی کوشتنی مینا دایگرتوون و ئەمڕۆش هەموو چین و توێژ و لایەنە پەیوەندیدارەکان هەڵمەتێکی گەڕانیان بۆ دۆزینەوەی ئیبراهیمی تەمەن 7 ساڵ لە زاخۆ دەستپێکردووە.

رائید هێمن سلێمان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پارێزگای دهۆک رایگەیاند، هێزەکانی پۆلیس هەموو هەوڵێکیان داوە بۆ ئەوەی منداڵە ونبووەکە بدۆزنەوە و تیمەکانمان لەگەڕان بەردەوامن، هیچ کەمتەرخەمییەک نەکراوە بۆ ئەوەی منداڵەكە بدۆزرێتەوە.

رائید هێمن سلێمان گوتیشی "لە کامێرایەکی چاودێری دەرکەوتووە کە ئەو منداڵە کەس نەیڕفاندووە و دەردەکەوێت کە منداڵەکە تەنیا دەڕوات، هەروەها لەلایەن چەند کەسێکەوە منداڵە بینراوە کە تەنیا بووە".

بەڕێوەبەری راگەیاندنی پارێزگای دهۆک ئاماژەی بەوەشکرد، گومان دەکرێت کەوتبێتە نێو ئاوی خابوور، چونکە لەو شوێنە لەلایەن دیدەوانێکەوە بینراوە.

ئیبراهیم، باپیری منداڵە ونبووەکە بە رووداوی راگەیاند، کاژێر 11ی رۆژی 26-5-2016 منداڵەکە ونبووە.

گوتیشی "لەو رۆژەوە هەڵمەتی گەڕان و پشکنین بۆ دۆزینەوەی منداڵەکەمان بەردەوامە و نایدۆزینەوە و نازانین چی بەسەر هاتووە. پۆلیس و خەڵکی زاخۆ بەدوایدا دەگەڕێن و بەڵام بێسوود بووە".

عەبدولڕەحمان عەزیز گۆمەشینی، توێژەری کۆمەڵایەتی لەبارەی ونبوونی منداڵەکە گوتی" ئێستا بەهۆی زۆر بەکارهێنانی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەروەردەکردنی منداڵ لە چوارچێوەی خێزاندا وەک پێویست نییە، ئەو رووداوەی لە زاخۆ روویداوە پێدەچێت رووداوێکی ئاسایی و سرووشتی بێت، خوانەخواستە پێدەچێت کە کەوتبێتە رووبار و خنکابێت، كە هیوادارین وانەبێت".
Top