لە بەریتانیا کەمپەینێک بۆ پشتگیریکردن لە گشتپرسی کوردستان راگەیێندرا
رزگار عەلی، خاوەنی بیرۆکەکە بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "بۆماوەی چوار مانگ هەوڵماندا، تاوەکو رەزامەندی حکومەتی بەریتانیامان بەدەستهێنا و توانیمان لەڕێگەی یەکێک لە ماڵپەڕە فەرمییەکانی حکومەتی ئەو وڵاتە بەشداریی بکەین لە گشتپرسییەک کە بۆ پاڵپشتی و پشتگیریکردنە لە سەربەخۆی کوردستان".
خاوەنی بیرۆکەکە ئاماژەی بەوەشدا کە ئەو پشتگیریکردنە "لەڕێگەی دەنگدانی ئۆنلاینەوە دەبێت و هەر کەسێک بیەوێت دەتوانێت لەڕێگەی ئیمەیڵ و ناوی خۆیەوە بەشداریی لە ئەو کەمپەینە بکات، کە بۆ پاڵپشتیکردنە لە گشتپرسی بۆ هەرێمی کوردستان".
ئاماژەی بەوەشدا کە " ئەگەر بێت و لەو دەنگدانە ئۆنلاینەدا کە بۆ پاڵپشتیکردن لە گشتپرسیی کوردستانە، بتواندرێت 10 هەزار دەنگ بەدەستبهێنین، ئەوا حکومەتی بەریتانیا بە نووسراوێک ئاماژە بەوەدەدات کە خەڵکی باشووری کوردستان لەگەڵ سەربەخۆیی وڵاتەکەیاندان، هەروەها ئەگەر بێت و ژمارەی ئەو دەنگانە 100 هەزار دەنگ بێت ئەوا بە فەرمی لەلایەن حکومەت و پەرلەمانی بەریتانیا رۆژێک بۆ قسەکردن لەسەر سەربەخۆی کوردستان دەستنیشان دەکرێت و سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە لە پەرلەمانی بەریتانیا قسەی لەسەر دەکەن".
سەبارەت بە دەنگدانەکە رزگار عەلی گوتیشی " دەنگدانەکە بەفەرمی لە ماڵپەڕێکی حکومەتی بەریتانیا ماوەی مانگێکە بڵاوکراوەتەوە و ئێستا خەڵکی دەتوانن دەنگ بدەن و تاوەکو مانگێکی دیکە بەردەوام دەبێت".
رووداو
