ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی هاوكاری 49 خانه‌واده‌ی پێشمه‌رگه‌ی شه‌هید ده‌كات

ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی هاوكاری 49 خانه‌واده‌ی پێشمه‌رگه‌ی شه‌هید ده‌كات
ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له‌ مانگی پیرۆزی ره‌مه‌زان، پریاسكه‌ (پارسێل)ی وشكه‌ خۆراكی 100 كیلۆگرامی پێشكه‌شی 49 خێزانی پێشمه‌رگه‌ی شه‌هیدی شه‌ڕی داعش له‌سنوری شارۆچكه‌ی ئامێدی و شارو ناوچه‌كانی دەوروبه‌ری کرد.

رۆژی 23/6/2016 له‌درێژه‌ی دابه‌شكردنی كۆمه‌ك و هاوكاری و پێداویستییه‌كان به‌سه‌ر خانه‌واده‌ی شه‌هیدانی شه‌ڕی داعش له‌ هه‌رێمی كوردستان، ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له‌ مانگی پیرۆزی ره‌مه‌زان، له‌ شارۆچكه‌ی ئامێدی و شاره‌دێی شیلادزێ و دێره‌لوك و سه‌نته‌ری شاری ئامێدی و ده‌وروبه‌ری و سه‌رسه‌نگ و بامه‌ڕنێ و كانی ماسی و جه‌مانكێ، پریاسكه (پارسێل)ی وشكه‌ خۆراكیان‌ به‌سه‌ر 49 خێزانه‌ شه‌هیدی پێشمه‌رگه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان دابه‌ش کرد.

لەم هاوکارییەی دەزگای خێرخوازی بارزانیدا، هه‌ر خێزانێك 100 كیلۆ كه‌ له‌ پێنج كارتۆن خۆراك پێكهاتبوو پێياندرا، كه‌ لە (برنج، ساوار، زه‌یت، دۆشاوی ته‌ماته‌، خوێ، شه‌كر، فاسۆلیا، چا، رشته‌، شیر، نۆك و سریلاك)‌ پێكهاتبوو.

ئه‌م دابه‌شكردنی هاوكارییانە به‌درێژایی مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆز به‌رده‌وام ده‌بێت و سه‌رجه‌م خێزانی پێشمه‌رگه‌‌ شه‌هیده‌كانی شه‌ڕی داعش له‌سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان سوودمه‌ند ده‌بن له‌و هاوكارییانه‌.
Top