ئەندامێکی فراکسیۆنی گۆڕان: ڕێککەوتنەکەی گۆڕان و یەکێتی بۆ لادانی بارزانییە

ئەندامێکی فراکسیۆنی گۆڕان: ڕێککەوتنەکەی گۆڕان و یەکێتی بۆ لادانی بارزانییە
میدیاکانی عێراق لە زاری ئەندامێکی فراکسیۆنی گۆڕانەوە بڵاویان کردووەتەوە، ڕێککەوتنەکەی گۆڕان و یەکێتی بۆ لادانی بارزانییە لە پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان.

بە گوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی (کەربەلا نیوز) کە لە ڕۆژی 16\5\2016 لە زاری شیرین ڕەزا، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراقەوە بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بە ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکەی نێوان یەکێتی و گۆڕان دراوە کە لە 25 خاڵ پێکهاتووە. ئەوەش بڵاو کراوەتەوە کە شیرین ڕەزا دەڵێت: ”دیارترین بڕگەکانی نێو ڕێککەوتنەکەی گۆڕان و یەکێتی، بۆ شەرعیەت نەدانەوە بە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و لادانیەتی لە پۆستەکەی“.

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە لە ڕێککەوتنەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە، هەردوو لا بەیەک لیست بچنە نێو هەڵبژاردنەکان و هەوڵی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستانیش بدەن.

بۆ وردەکاریی زیاتر، (باسنیوز) پەیوەندی بە شیرین ڕەزا، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراقەوە کرد و لە وەڵامدا گوتی: ”ئەو قسانەی ماڵپەڕی کەربەلا بە ناوی منەوە بڵاو کراوەتەوە، ڕاست نین و من چۆن قسەی وا دەکەم؟“. ئەوەشی دووپات کردەوە کە ئەگەر بزانێت ئەوانەی ماڵپەڕەکە بەڕێوە دەبەن کێن، ئەوا ڕووبەڕووی دادگایان دەکاتەوە.

ماوەیەکە میدیا عێراقییەکانی نزیک لە پێکهاتەی شیعە، لە سەر زاری پەرلەمانتارانی گۆڕان و یەکێتییەوە، هەندێک لێدوانی دژ بە هەرێمی کوردستان بڵاو دەکەنەوە، کەچی دواتر پەرلەمانتارەکان بۆ میدیا کوردستانییەکان، ڕەتی دەکەنەوە ئەو لێدوانانەیان دابێت، بەبێ ئەوەی ڕەتکردنەوەکە لە میدیا عەرەبی و عێراقییەکان بڵاو بکەنەوە. ئەمەش گومانەکان لەسەر بابەتەکە دروست دەکات.




باسنیوز
Top