یەکگرتوو: کارئاسانی بۆ بردنی منداڵ لە هەڵەبجەوە بۆ قەندیل دەکرێت
شێخ حەسەن، بەرپرسی مەڵبەندی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە هەڵەبجە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “لێرە دەنگوباس هەیە کە کۆمەڵێک منداڵ لە هەڵەبجەوە بۆ قەندیل ڕۆشتوون و چوونەتە ڕیزی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، وا باس دەکرێت کە ئەو منداڵانە تەمەنیان لە 16 ساڵ کەمترە”.
بە بڕوای شێخ حەسەن: “ئەگەر ڕێگاخۆشکردن نەبێت، چۆن ئەو منداڵانە دەچنە قەندیل؟".
بەپێی زانیارییەکان، ژمارەیەک منداڵ لە سنووری شاری هەڵەبجە و سەیدسادق، بەبێ ئاگاداریی خێزانەکانیان، چوونەتە قەندیل و پەیوەندییان بە ڕیزەکانی پەکەکەوە کردووە.
پێشتر محەمەد ڕەفعەت، ئەندامی خولی پێشووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕايگەیاندبوو: “ئێمە وەکوو یەکێتی، هاوکاریی پەکەکەمان کردووە و بەردەوامیش دەبین، هەر بەو هۆیەشەوە تورکیا لە یەکێتی نیگەرانە”.
باسنیوز
