نەوشیروان رێگرە لەدروسبوونی دەوڵەت و دەشزانێ بارودۆخ لەبارە بۆ دەوڵەت بوون

نەوشیروان رێگرە لەدروسبوونی دەوڵەت و دەشزانێ بارودۆخ  لەبارە بۆ دەوڵەت بوون
پاش ئەوەی نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لە میانی کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ مامۆستایانی زانکۆی گەرمیان لە ڕۆژی سێ شەممە ٢١-٦-٢٠١٦ باسی لەوە کردبوو کە دەوڵەت دروستکردن بە قسە نابێ و کرداری پێویستە، چاودێرێکی سیاسی وەڵامی نەوشیروان مستەفا دەداتەوە و دەلێت: خۆیان لە هەموو کەس باشتر دەزانن دۆخەکە چەندە لەبارە بۆ بە دەڵەت بوونی کوردستان.

شرۆڤەکاری سیاسی کاروان کەلاری دەلێت: بە داخەوە نەوشیروان مستەفا لە بڕی ئەوەی پاڵپشتی سەرکردایەتی کورد بکات بۆ دروستکردنی کیانێکی سەربەخۆ بۆ کورد لە باشووری کوردستان کە هەنگاوی زۆر و گرنگی ناوە بۆ ئەو مەبەستە، خەریکی کەم بایەخکردنی هەناگوەکان دەدات و دەلێت دروستکردنی دەوڵەت بە قسە نیە بە کردارە.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسیە دەشلێت: نەوشیروان مستەفا لەوەدا ڕاست دەكات دەوڵەت تەنیا بە دروشم و قسە ناكرێت و پێویستە هەنگاوی بۆ بنرێت، بەڵام نەوشیروان باشتر لە هەر كەسێك دەزانێ كە بۆ ئەم بابەتە چی كراوە و چۆن هەنگاو نراوە، هەروەها باشتر لە هەر سیاسەتمەدارێكی كوردستان دەزانێ كە بارودۆخ چەندە لەبارە بۆ دەوڵەتبوون، جگە لەمەش ئاگاداری ئەوەیە كە جیهان چۆن بە ڕێزەوە دەڕوانێتە گەلی كوردستان و دەشزانێ هیچ كەس ناتوانێ ڕێگر بێت لەبەردەم خواستی گەلی كوردستان، بەڵام من پێم وایە نەوشیروان دەزانێ دەوڵەت گەییشتووەتە قۆناغی كردەوە بۆیە وا دژایەتیی دەكات.

ئەو شرۆڤەکارە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە نەوشیروان مستەفا درۆ لەگەڵ خۆی و خەڵکی کوردستان دەکات، چونکە هەر بارزانیبوو لە دوای گەڕانەوەی لە ئەمریکا داوای لە کەسی یەکەمی هەموو حزبەکان کرد چەند لێژنەیەک پێکبهێنن بۆ پرسی سەربەخۆیی و ڕیفراندۆم کە خودی نەوشیروان سەرپەرشتی یەکێک لە لێژنەکانی پێ سپێردرابوو، بارزانی بۆیە ئەو داوایەی کرد تاوەکو هەنگاوەکانی دروستکردنی دەوڵەت خێراتر بن، کەچی ئەو ویستی بە هاوکاری بەشێک لە یەکێتی و کۆمەڵ لە پشتەوە خەنجەر لە بارزانی بدات و تەواوی ئەو پرسانەش لەبار ببات، ئەمڕۆش کە هیچی بە دەست نەماوە، هەر ئەمەی لێ چاوەڕ دەکرێ.



رۆژانەهەوال
Top