مێرد منداڵێک لە بەحرکە "بەبلۆک" دەکوژرێت
کاژێر 9:00-ی شەوی یەکشەممە 19-6-2016 مێرد منداڵێک بەناوی (یوسف فاروق) لەماڵ دەچێتە دەرەوە و کەسوکارەکەی دوای 18 کاژێر لەونبوونی بە کوژراوی لەنێو خانوویەکی کەلاوەدا لە کۆمەڵگەی بەحرکە دەیدۆزنەوە.
عیماد غازی، یەکێک لە نزیکەکانی ئەو مێردمنداڵە گوتی "کاژیر 9:00-ی شەوی یەکشەممە "یوسف" لەماڵ دەچێتە دەرەوە و دیارنامێنێت، دوای ئەوەی کەسوکارەکەی پۆلیس و ئاسایش ئاگاداردەکەنەوە، دوای 18 کاژێر لەنێو خانوویەکی کەلاوەدا بەکوژراوی دۆزایەوە و دیاربوو بە بلۆک کوشتوویانە".
یوسف فاروق محەممەد، دانیشتووی کۆمەڵگەی بەحرکە لە پارێزگای هەولێر، تەمەنی 14 ساڵە و پیشەی خوێندکارە، خەڵکی ناوچەکە دەڵێن یوسف "بەشێوەیەکەی نا مرۆڤانە و نادیار لەناحیەی بەحرکە کوژراوە" ئەوان دەیانەوێت لایەنی پەیوەندیدار بەزووترین کات تاوانبار دەستگیر بکەن.
نەقیب هۆگر عەزیز. گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر راگەیاند " ئێمە تاوەکو ئێستا لە گەڕان بەدوای بکوژی یوسف بەردەوامین و پەڕاوی لێکۆڵینەوەمان بۆ کردووەتەوە، بەردەوام دەبین تاوەکو تاوانبار دەدۆزینەوە".
سەبارەت بەوەی کە بەشێک لە هاونیشتمانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەڵێن" ئەوەی یوسفی کوشتووە عەرەب"ە گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەڵێت "ئێمە ناتوانین هیچ کەسێک بەبێ لێکۆڵینەوە تۆمەتبار بکەین و بڵێین عەرەبە، ئێمە دوای ئەوەی لێکۆڵینەوەی تەواومان کرد لە رووداوەکە دەردەکەوێت کێ ئەنجامدەری ئەو تاوانەیە".
