باڤی: ناکرێ بە بیانووی کێشەی ناوخۆیی، ڕیفراندۆم نەکەین
چاودێری سیاسی (د. حەمید باڤی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "هەر کورد و لایەنێک بیر لەو کارەساتانەی بەسەر میللەتی کوردا ھاتووە بکاتەوە، پشتگیری لەوە دەکات لە بەغدا ڕزگارمان بێت و، لەوە زیاتر لەگەڵ عێراقدا نەبین و، جیا ببینەوە، بۆیە زۆر گرنگە ھەموو ھێز و لایەنەکان پشتگیری لە سەرۆک بارزانی بکەن ڕیفراندۆم بکرێت و بەرەو سەرەبەخۆیی بچین."
(د. حەمید باڤی) گوتیشی، ڕاستە کەموکووڕی ھەیە لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستاندا و، دەکرێ لایەنەکان داوای چارەسەرکردنی بکەن، بەڵام ناکرێت بیکەنە بیانوو بۆ ئەوەی ڕیفراندۆم نەکرێت و باس لەوە بکەن کاتی نییە.
(باڤی) ڕوونیشی کردەوە، ئەگەر ڕیفراندۆم بکرێت و کورد بە ئاواتی خۆی بگات ئەوکات زۆر بە ئاسانی دەتوانێ کێشەکانی خۆیشی چارە بکات، لەبەر ئەوەی کێشە ناوخۆییەکان چارەکردنی ئاسانە؛ خۆی ئەو دەرفەتەی بۆ کورد ڕەخساوە زەحمەتە دیسان بۆی هەڵبکەوێتەوە؛ ڕێک وەختی ڕیفراندۆمە؛ جا با ھەموومان پشتی سەرۆک بارزانی بگرین.
KDP
