نە قەندیل ناوچەی ئازادكراوە نە قامشلۆ . سەڵاح بەدرەدین
هەندێ هەن داوای ستراتیژییەتێكی هاوبەشی نێوان (هەردوو بەشی ئازادكراو!)ی كوردستان دەكەن، مەبەستیان هەرێمی كوردستانی ئازادی فیدڕاڵیی عێراقە لەگەڵ دەسەڵاتی ئەمری واقع لە ناوچە كوردنشینەكانی سووریا، بەڵێ پێویستییەكی زۆر هەیە نەك بۆ دیالۆگی ئاشتیانەو برایانەی نێوان هەردوو بەشی عێراق و سووریا، بەڵكو لە نێوان هەر چوار بەشدا، بەڵام چۆن و لەنێوان كێ و كێدا؟ بە چ شێوەیەك و لەسەر چ بنەمایەك؟ لە پێناو چ ئامانجێكدا؟ ئەگەر مەبەست ئەو دیالۆگە بێت لەنێوان سەركردایەتیی هەرێمی كوردستانی عێراق كە لە گەلەوە هەڵبژێردراوە و لەگەڵ سەركردایەتیی پەپەدە وەك دەسەڵاتێكی ئەمری واقع كە ئیدارەكانی لە دەسەڵاتدارانی رژێمی ئەسەد وەرگرتووەو بەزەبری هێزی چەك و سەركوتكردن و هەڕەشەكاری خۆی سەپاندووە، ئەوا هیچ ئەنجامێكی لێ ناكەوێتەوە، سەركردایەتیی هەرێم بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی سەرۆك مسعود بارزانی ئەمەی لە رێگەی رێكەوتننامەكانی هەولێرو دهۆكدا تاقی كردەوە، بەڵام لایەنەكەی دیكە پابەند نەبوو و رێزی لەو رێكەوتننامانە نەگرت، بۆیە پێویستە بەدوای لایەنێكی دیكەی كوردی سووریادا بگەڕێین كە شەرعی بێت و جێگەی متمانە بێت، كە لەئێستادا ئەو لایەنە نە ئامادەیەو نە بوونیشی هەیە، دەكرێ ئەو لایەنە لە رێی كۆنگرەیەكی نیشتمانیی كوردیی سووریاوە دەربكەوێت كە نوێنەرانی هەماهەنگیكردنەكانی لاوان و بێلایەنەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و هەندێ لایەنگرانی حزبەكان لە بنكەكانیان بەشداریی تێدا بكەن، ئەو كۆنگرەیە سەركردایەتییەكی هەڵبژێردراو و بەرنامەیەكی سیاسیی روونی لێ بكەوێتەوە دەربارەی كورد و شۆڕش و چارەنووسی وڵات و ستراتیژییەتێكی دروست كە بنەماكەی بریتی بێت لە یەكڕیزیی كوردو پشتیوانیكردن لە شۆڕشی سووریاو شەراكەتی كوردو عەرەب و هەماهەنگی و هاوكاری لەگەڵ برایانی كورد بە تایبەتیش لەگەڵ سەركردایەتیی هەرێمی كوردستانی عێراق.
زۆر بە كورتی، ئەگەر ناوچەكانی قەندیل و هەفتاوین و زاب لە كوردستانی عێراق كە لەژێر دەسەڵاتی هێزەكانی پەكەكەدان ئازادكراوبن، ئەوا دەكرێ بگوترێت كە قامشلۆش ئازادكراوە!!
دەربارەی شەڕ دژی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی(داعش)، ئەوا هەر باسكردنێكی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە كەموكوڕو نابابەتیی دەبێت بەدەر لە دیدگای زانستی و بابەتیانەی سەرهەڵدانی ئەو رێكخراوەو ئەو ژینگەیەی لێی پەیدابووەو ئەوانەیشی كە دروستیان كردووە لە رژێمە سەركوتكەرو تاریكپەرستە مەزهەبییەكان، هەروەها هۆكارەكانی بڵاوبوونەوەو داگیركردنی خاك، ئەو بزاڤە شۆڕشگێڕییەی كە چەند ساڵێك پێش داعش دژی رژێمی ئەسەدو دەوڵەتە تیرۆریستییەكەی راپەڕی و دواتر ئەو رژێمە كە لەبەردەم گورزی شۆڕشگێڕانی سووریاو سوپای ئازاد هەرەس دەهێنێت ناچار پەنای بردە بەر ئێرانی هاوپەیمانی و ناوەندەكانی هێزە مەزهەبییەكان لە بەغدا، ئەوانە هەموویان لە دروستكردنی داعشدا بەشدارن، بۆیە شەڕكردن دژی داعش كە بۆتە مۆدیلێكی ئاسایی بەبێ بەرپەرچدانەوەی تیرۆرو تۆقاندنی دەوڵەتی دیكتاتۆری سووریا، بە پڕۆسەیەكی بێ ناوەڕۆكی نیشتمانی و شۆڕشگێڕیی دیموكراسی لەقەڵەم دەدرێت.
شەڕكردن لەگەڵ داعش تەنیا لەسەر پێشمەرگەی كوردستانی عێراق و هێزەكانی پەیەدە لە سووریا نەوەستاوە، بەڵكو شۆڕشی سووریا و هێزە چالاكەكانی ئەو شۆڕشە لەوەتەی زیاتر لە پێنج ساڵە رووبەڕووی تیرۆری دەوڵەتی سووریا دەبنەوە، ئەوانە لە هەمان كاتدا بەرەنگاری داعش و نوسڕە دەبنەوە لەوەتەی لەسەر خاكی سووریا سەریانهەڵداوە، دوای ئەوەی سەرانی ئەو دوو رێكخراوە تیرۆریستییە لە بەندیخانەكانی سووریاو عێراق و ئێران هێنران وەك ئەلتەرناتیڤێكی رژێمی ئەسەد و دژ بە گۆڕانكاریی دیموكراسی لە سووریا.
هەڵسەنگاندنی پێشمەرگەی كوردستانی عێراق و بەراوردكردنی بە هێزەكانی پەیەدە كارێكی دادپەروەرانە نییە، بەڵكو ستەمێكی گەورەیشە دەرحەق بە پێشمەرگە كە بە دروشمی( كوردستان یان شەهیدبوون) و لەوەتەی شۆڕشی ئەیلوول بە سەرۆكایەتی بارزانیی نەمرو لەسایەی سەركردایەتییەكی نیشتمانی و دیموكراسی پەروەردەكراون، ئەو پێشمەرگانە لەسەر رێبازی داكۆكیكردن لە گەل و نیشتمان دەڕۆن بە پێچەوانەی كەسانی دیكە كە پرەنسیپی مافی چارەنووس رەت دەكەنەوەو خزمەتی ئەجێندای بیانی و ئیقلیمی دەكەن و پاشكۆی هێڵی سیاسیی پەیمانی دژایەتیی ئیقلیمین بە سەرۆكایەتی كۆماری ئیسلامیی ئێران و رژێمی سەركوتكاریی ئەسەد، پێشمەرگە رووبەڕووی داعش دەبنەوە تاكو پارێزگاریی لە دەستكەوتەكانی گەلی هەرێمی كوردستان و فیدڕاڵییەت بكەن و كاربكەن بۆ ئازادكردنی ناوچە كوردستانییەكان و گەڕاندنەوەیان بۆ سەر هەرێمی كوردستان، بەڵام ئەوانی دیكە رووبەڕووی داعش دەبنەوە بۆ بەرژەوەندیی حزبەكانیان و بێ ئەوەی هیچ ئاسۆیەكی روونیان هەبێت، هەروەها خزمەتی رژێمی ئەسەد دەكەن و دژی شۆڕشی سووریان و بۆ ئەوەش شەڕدەكەن تا زیاتر ببنە مەترسی بۆ سەر دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق لە ناوەوە یان لە رێی شنگالەوە بە هاوكاریی لایەنە سەركێشەكانی دیكە.
جۆرێك لە هاوكاریی روونی ستراتیژی لە شەڕ دژبە داعش بوونی هەیە لەنێوان هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەلایەك و لەنێوان سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانی عێراق لەسەر بنەمای زانراو كە هەموو عێراقی فیدڕاڵ دەگرێتەوە، لەم رووەوەش رۆڵی بەرچاوی نیشتمانی و نەتەوەیی سەرۆك بارزانی جێگەی رێزو پێزانینە و رێزێكی زۆریش لە سەركردایەتییە باوەڕپێكراوەكەی دەگیرێت، لەكاتێكدا تا ئێستا ناوی (حزبی دایك)ی پەیەدە هەر لە لیستی تیرۆردایە، بەڵام شێوەی هاوكاریی سەربازیی نێوان هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و پەیەدە تەنیا لە رووی ئەمنییەوەیە، چونكە ئەو هاوپەیمانییە بۆ جێبەجێكردنی پلانەكانیان پێویستی بە هێزی زەمینییە، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەو هێزە مەشقپێكراوەی باشتر نەدۆزیوەتەوە، بێ ئەوەی هیچ رێكەوتنێكی سیاسی دەربارەی رەوشی كورد و چارەنووسی سووریا و رژێمی ئەسەد لەئارادا بێت، هەروەها بێ ئەوەی داخوازییەكانی پەیەدە بەجێ بێنێت، تەنانەت بەشداریكردنیشی لە وتووێژەكانی ژنێڤدا.
