عەشیرەتەکانی نەینەوا داوای بەشداریکردنی پێشمەرگە لە شەڕی مووسڵ دەکەن

 عەشیرەتەکانی نەینەوا داوای بەشداریکردنی پێشمەرگە لە شەڕی مووسڵ دەکەن
عەشیرەتە عەرەبییەکانی پارێزگای نەینەوا رایدەگەیەنن، کە داواکاری سەرەکییان بەشداریکردنی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانە لە شەڕی رزگارکردنەوەی مووسڵ.



شێخ موزاحیم ئەلحوەیت، گوتەبێژ بە ناوی ئەنجومەنی عەشیرەتە عەرەبییەکانی نەینەوا بە (شەرقولئەوسەت)ی راگەیاندووە، دانیشتووانی مووسڵ ئامادەن لەگەڵ دەستپکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی شارەکەیان راپەڕینێک لە دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش ئەنجام بدەن.



شێخ موزاحیم ئەلحوەیت هەروەها رایگەیاندووە، کە عەشیرەتە عەرەبییەکانی نەینەوا رەتی دەکەنەوە میلیشیا شیعەکانی عێراق، ”کە ئێران دایمەزراندون“، بەشداریی ئۆپەراسیۆنەکە بکەن.



گوتەبێژی ئەنجومەنی عەشیرەتە عەرەبییەکان ئاماژەی بەوەش کردووە، کە داواکاریی سەرەکیی هاووڵاتییانی نەینەوا، بەشداریکردنی هێزەکانی پێشمەرگەیە لە شەڕی مووسڵ، چونکە ”توانای خۆی لە شکاندنی شکۆی داعش نیشانداوە و و یەکێکە لە سوپا رێکخستووەکانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە گورزی کەمەرشکێنی لە داعش داوە“.



هەروەها شێخ سائیر عەبدولکەریم وەتبان جەربا، یەکێک لە شێخەکانی عەشیرەتی شەممەر لە نەینەوا بە (شەرقولئەوسەت)ی راگەیاندووە، ئێستا 14 هەزار چەکداری ئەنجومەنی عەشیرەتەکان لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی راهێنانیان پێکراوە و ئامادەن بۆ شەڕی رزگارکردنەوەی مووسڵ، وێڕای ئەوەی هەزار کەسی خۆبەخشی دیکە ئامادەن بۆ چوونە پاڵ ئەو هێزە.



دوای شکست و هەرەسهێنانی سوپای عێراق، لە مانگی حوزەیرانی 2014 چەکدارانی داعش شاری مووسل و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنباریان داگیر کرد.




باسنيوز
Top