نه‌خۆشخانه‌ی هیوا له‌باره‌ی شێرپه‌نجه‌وه مه‌ترسی راده‌گه‌یه‌نێت و داوای هاوكاری ده‌كات
له ساڵی 2007 وه كه نه‌خۆشخانه‌كه دروستبووه تائێستا زیاتر له 10 ده هه‌زار توشبوی شێرپه‌نجه تۆماركراوه. ئه‌وه‌ش به‌پێی ئاماره‌كانی نه‌خۆشخانه‌كه.
نه‌خۆشخانه‌ی هیوا له‌راگه‌یه‌نراوێكدا كه‌ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه نێردراوه رایگه‌یاند، نه‌خۆشخانه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت به خزمه‌تگوزاریه‌كی باشه‌وه كار بكات ساڵانه پێویستی به‌وه‌یه نزیكه‌ی 80 ملیۆن دۆلاری بۆ ته‌رخانبكرێت.
ئاماژه‌به‌وه‌شده‌كات، له‌ئێستادا پێویستبان به‌وه‌یه گه‌شه به‌تواناكانی نه‌خۆشخانه‌ی هیوا بده‌ن و به‌رده‌وام توانای پێشوازی ژماره‌یه‌كی زیاتری هه‌بێت له نه‌خۆش، پێویستیان به‌وه‌یه سه‌رچاوه‌ی داهاتی به‌رده‌وامی بۆ بره‌خسێنن.
له‌ئێستادا كۆی ژماره‌ی نه‌خۆشه‌كان به پێی داتابه‌یسی نه‌خۆشخانه‌ی هیوا نزیكه‌ی 28 هه‌زار نه‌خۆشه كه‌پێكدێت له (شێرپه‌نجه و ناشێرپه‌نجه‌ییه‌كانی تری خوێن)، ساڵانه ته‌نها له سنوری پارێزگای سلێمانیدا نزیكه‌ی هه‌زار حاڵه‌تی نوێی شێرپه‌نجه تۆمار ده‌كرێت.
"ئه‌گه‌ر پارێزگای سلێمانی دابه‌شبكرێت به‌سه‌ر (50) ناوچه‌دا، ئه‌وا به‌دابه‌شكردنی ژماره‌ی دووچاربوانی شێرپه‌نجه له‌ساڵێكدا له هه‌ر یه‌كێك له‌و ناوچانه‌دا 20 كه‌س دووچاری شیرپه‌نجه ده‌بێت، واته تاوه‌كو 10 ساڵی ئاینده له‌و ناوچه‌یه‌ی كه تۆی تێدا ده‌ژیت 200 كه‌س دوچاری شێرپه‌نجه ده‌بێت، به‌داخه‌وه ره‌نگه یه‌كێك له‌وانه تۆ یان كه‌سێكی نزیكت بێت"، به‌پێی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی هیوا.
شێرپه‌نجه له ئه‌نجامی نه‌مانی كۆنترۆڵی گه‌شه‌ی خانه‌كانی له‌ش دروستده‌بێت، واته خانه‌ی ئه‌ندامێكی له‌ش ژماره‌یان زۆر له پێویست زیاتر ده‌بێت و له ئه‌نجامدا له‌و شوێنه‌دا گرێ دروست ده‌بێت و پاشان به‌شه‌كانی تری له‌ش گرێیان لێ په‌یدا ده‌بێت.
نه‌خۆشخانه‌ی هیوا راشیده‌گه‌یه‌نێت، پێویستیان به‌وه‌یه رێكاره‌كانی خۆپاراستن و شێوازی ژیانی ته‌ندروست و ئه‌و پشكنینانه بڕه‌خسێنن كه له قۆناغه سه‌ره‌تاییه‌كانی نه‌خۆشیه‌كه‌دا ده‌ستنیشانی ده‌كات له‌م رێگایه‌وه چانسی رزگاربوون و بڕی تێچووی چاره‌سه‌ر كه‌م ده‌كرێته‌وه.
چاره‌سه‌ری شێرپه‌نجه به گرانبه‌هاترین جۆری چاره‌سه‌ری پزیشكی داده‌نرێت له جیهاندا، كه‌ئه‌ركێكی یه‌كجار سه‌خت دروست ده‌كات له‌سه‌ر توشبوان و ته‌نانه‌ت حكومه‌ته‌كان.
به گشتی چاره‌سه‌ره‌كان نه‌شته‌رگه‌ری و چاره‌سه‌ری كیمیاوی و چاره‌سه‌ری بایۆلۆجی و چاره‌سه‌ر به تیشك له خۆده‌گرن.
نه‌خۆشخانه‌كه جه‌ختده‌كاته‌وه "له‌م بواره‌دا به‌رپرسیاریه‌تیه‌كی ده‌سته‌جه‌معی و كۆمه‌ڵایه‌تیمان له‌ئه‌ستۆدایه...تایبه‌تمه‌ندی ئه‌م چاره‌سه‌رانه ئه‌وه‌یه كه په‌یوه‌ستن به كات وه كه‌مترین كه‌موكورتی له كاتی پرۆگرامی چاره‌سه‌ردا ژیانی نه‌خۆش روبه‌روی مه‌رگ ده‌كاته‌وه و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناكرێت دوابخرێت بۆیه پێویسته هه‌میشه ئه‌م چاره‌سه‌ره گرانبه‌هایانه به‌رده‌ست بن".
شێرپه‌نجه چوار قۆناغه له قۆناغه‌كانی سه‌ره‌تای نه‌خۆشیه‌كه‌دا ( قۆناغی یه‌ك و دوو سێ) چاره‌سه‌ره‌كه‌ی ئاسانتره‌و كه‌سه‌كه ده‌رفه‌تی باشتری هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی له مردن رزگاری ببێت.
له قۆناغه‌كانی تردا واته ( قۆناغی سێ و چوار ) نه‌خۆشیه‌كه زیاتر په‌ره‌ی سه‌ندووه و به‌له‌شدا بڵاوبووه‌ته‌وه، به‌و هۆیه‌وه ئه‌گه‌ری چاره‌سه‌ری كه‌متر ده‌بێته‌وه، ژماره‌یه‌كی سنورداریان چاك ده‌بنه‌وه، به‌ڵام توانای درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌ن و ژیان له‌گه‌ڵ نه‌خۆشیه‌كه‌دا بۆ ئه‌م قۆناغه گرنگه، لانی كه‌م هه‌وڵده‌درێت ئه‌و ماوه‌یه‌ی نه‌خۆش له‌ژیاندا ماوه به‌كه‌مترین ئازار و نه‌هامه‌تی جه‌سته‌یی و ده‌رونی به‌ڕێوه‌ببات.
به‌پێی راگه‌یه‌نراوه‌كه، هه‌ر نه‌خۆشێك شێرپه‌نجه‌ی قۆڵۆنی هه‌بێت به 200 هه‌زار دۆلار چاره‌سه‌ر ده‌بێت واته به 20 ده‌فته‌ر دۆلار، هه‌ر ئافره‌تێك كه دوچاری شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك ببێت نزیكه‌ی (257) هه‌زار دۆلار واته25 ده‌فته‌ر و حه‌فتا وه‌ره‌قه تێچوی چاره‌سه‌ره‌كانیه‌تی كه له‌ره‌نگه پێشی باش نه‌ببێت، هه‌روه‌ها شێرپه‌نجه‌ی پرۆستات (60 ) ده‌فته‌ر دۆلاری تێده‌چێت.
هه‌روه‌ها شێرپه‌نجه‌ی خوێن (490) هه‌زار دۆلار واته نزیكه‌ی (49) ده‌فته‌ر دۆلاره تێچووی چاره‌سه‌ره‌كه‌یه‌تی ئه‌گه‌ر نه‌خۆشه‌كه له‌ته‌مه‌نی گه‌وره بێت، ئه‌گه‌ر نه‌خۆشه‌كه منداڵ بێت ئه‌وا چاره‌سه‌ركه‌ی 10 ده‌فته‌ر دۆلاری تێده‌چێت.
نه‌خۆشخانه‌ی هیوا جه‌ختده‌كاته‌وه، هیچ كه‌سێك له‌دنیادا ناتوانێت گه‌ره‌نتی ئه‌وه‌بكات كه دووچاری شێرپه‌نجه نابێت، هه‌ر كه‌سێك و له هه‌ر كات و شوێنێكدا ئه‌گه‌ری توشبوونی هه‌یه.
له‌ساڵی 2012 ه‌وه له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه به یاسای ژماره (11)ی سندوقی كۆمه‌ك بۆ توشبوانی شێرپه‌نجه پێكهێنراوه، كه‌له به‌شێك له‌داهاتی خاڵه سنوریه‌كان و باجی بازرگانی و تۆماری ئۆتۆمبێل وگومركی فرۆكه‌خانه ده‌چووه سه‌ر ئه‌م حسابه و بۆ دوچاربوانی شێرپه‌نجه ته‌رخانكراوه .
نه‌خۆشخانه‌ی هیوا بانگه‌واز ده‌كات بۆ هاوكاریكردنی له‌م دۆخه داراییه‌دا، ده‌شڵێت "ئه‌گه‌رچی سندوقی كۆمه‌كی توشبوانی شێرپه‌نجه به هه‌مان شێوه كێشه‌ی نه‌بونی نه‌ختینه‌یی له بانكه‌كاندا هه‌یه به‌ڵام له 2014 وه تاوه‌كو ئێستا به‌شی هه‌ره زۆری خه‌رجیه‌كانی چاره‌سه‌ری دابینكردوه و به‌هۆیه‌وه توانراوه تا راده‌یه‌كی باش رێگری بكرێت له كاریگه‌ری خراپی قه‌یرانی دارایی راسته‌وخۆ به‌سه‌ر دوچاربوانی شێرپه‌نجه دروستببێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ به‌رده‌وام بوونی كێشه داراییه‌كان پێویستی به هاوكاری و كۆمه‌كی زیاتره".
داواشده‌كات هه‌مووان به‌شداربن له چاره‌سه‌ری نه‌خۆشدا به‌هۆشیاری ته‌ندروستی و خۆپاراستن و كاری خۆبه‌خشی و به‌هاندان و به ته‌رخانكردنی به‌شێك ئه‌گه‌ر كه‌میش بێت له‌و داهاتانه‌ی رۆژانه.
"ئه‌و پارانه به‌شێوه‌ی یاسایی له ژێر چاودیریدا هه‌ر بۆ خه‌ڵكی ئه‌م شاره و بۆ مندالی ئه‌م شاره ته‌رخان ده‌كرێته‌وه، هه‌موو كه‌سێك ده‌توانێت خۆبه‌خشانه به‌شداری له هه‌ڵمه‌ته‌كانی دانانی سندوقی شێرپه‌نجه و كۆكردنه‌وه‌ی داهاته‌كان و خه‌رجكردنه‌وه‌یان بكات، ده‌توانێت چاودێربێت".
نه‌خۆشانه‌ی هیوا ده‌ڵێت ئه‌و پارانه‌ی كۆده‌كرێته‌وه بۆ سێ مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی خه‌رج ده‌كرێت، دابینكردنی چاره‌سه‌ره گرانبه‌هاكانی شیرپه‌نجه، دابینكردنی پیداویستیه پزیشكی ئامیری تاقیگه، ناردنه ده‌ره‌وه‌ی دووچاربووانی شیرپه‌نجه بۆپشكنین و هه‌ندێك له‌و چاره‌سه‌ره ئاڵۆزانه‌ی كه له ده‌ره‌وه‌ی وڵات هه‌یه.
نه‌خۆشخانه‌ی هیوا ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر تێركردنی سكی هه‌ژارێك كارێكی مرۆیی گه‌وره‌بێت، ئه‌وا له ئاست خه‌رجیه‌كانی شێرپه‌نجه‌دا زۆرینه‌ی هاوڵاتیان هه‌ژارن و پێویسته به هه‌موومان (خه‌ڵك و حكومه‌ت) ده‌رفه‌تی چاره‌سه‌ر و گرنگی پێدانێك بڕه‌خسێنین كه هاوڵاتی ناچار نه‌بێت له به‌هۆی دژواریه‌كانی نه‌خۆشیه‌كه‌وه ماڵ و حاڵی خۆی بفرۆشێت بۆ ئه‌وه‌ی روو له وڵاتێكی تر بكات بۆ چاره‌سه‌ر، كه بێگومان زۆرینه‌یان ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یان بۆ ناره‌خسێت".
هه‌روه‌ها پرسیاری ئه‌وه ده‌كات "ئه‌گه‌ر زه‌كات و سه‌رفتره بۆ ( تێركردنی سكی برسی و هه‌ژاران ) چه‌نده گرنگ بێت ئه‌ی بۆ رزگاركردنی ( گیانی ئه‌و برسی و هه‌ژارانه ) له توشی شێرپه‌نجه بوون چی بكه‌ین؟".
