"بارزانی بەدواداچوون بۆ کەیسی کوژرانی مینا دەکات"

مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڵێنی بە کەسوکاری مینا داوە کە بەدواداچوون بۆ کەیسەکەی بکات.

مێڤان محەممەد، باوکی مینا راگەیاند: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی تەلەفۆنەوە سەرەخۆشی پێڕاگەیاندووین و بەڵیندا بەدواداچوون بۆ کەیسی کوژرانی مینا بکات".

پێشتر لە لێدوانێکی تایبەت باوکی مینا گووتبووی "با سەرۆکی هەرێمی کوردستان مینا بە نەوەی خۆی بزانێت، تاوانباری کوشتنی کچەکەی بە سزا خۆی بگەیێنێت".

رۆژی 9-6-2016 كچێكی تەمەن یەك ساڵ و نیو بەنێوی مینا مێڤان محەممەد، دانیشتووی گەڕەكی سەرهەلدانی شاری دهۆك دیار نەما. دوای 10 رۆژ تەرمی مینا لە گوندەكەی خۆیان (بەرئاشی) دۆزرایەوە.

لیوا تارق ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی پارێزگای دهۆك پێشتر راگەیاندبوو "كەسوكاری ئەو منداڵە هەر لە سەرەتاوە گومانیان لە خزمێكیان هەبوو، دوای بەدواداچوونی پۆلیس دەركەوت لەلایەن ئەو گەنجەوە رفێنراوە و دواتر لە گوندەكەی خۆیان خنكاندوویەتی. گوتیشی "دوای دەستگیركردنی و لێكۆڵینەوە لەگەڵی، ئیعترافی كرد كە منداڵەكەی رفاندووە و دواتر كوشتوویەتی".

دەنگۆی کوشتنی کچە 18مانگەکە لە سنووری دهۆک میدیا و شەقامی کوردستانی پڕکرد لە پرسیار و توڕەیی بەرامبەر بەو تۆمەتبارەی کە دانی بە کوشتنی مینادا ناوە.

لە دهۆک و شارەکانی دیکەش خەڵک داوا دەکەن سزای مەرگ بەسەر بکوژەکەدا بسەپێنرێت ، ئەگەرچی بەپێی یاساکانی هەرێمی کوردستان سزاکە جێبەجێناکرێت، بەشێک لە خەڵکی دهۆک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەڵێن جەژن ناکەن تاکو بکوژەکە سزای تاوانە گەورەکەی وەرنەگرێت، خەڵکی دیکەش لە هەوڵی بەرپاکردنی کەمپەینێکدان بۆ لە سێدارەدانی بکوژی مینا.

رۆژی سێشەممە 21-6-2016 بە ئامادەبوونی 40 بۆ 50 کەس پارچەکانی تەرمی مینا لە گوندەکەی خۆیان لە نزیک دهۆک نێژرا، خانەوادەکەشی داوا دەکەن تەنیا تاوانبارەکە بە سزای خۆی بگەیەنرێت.
Top