سکرتێری حزبێکی کوردستان: یەکێتی و گۆڕان پشتیان بە ئێران قایمە و سەرکەوتوو نابن
عوسمانی حاجی مارف، سکرتێری کۆمیتهی ناوهندیی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) نووسیویەتی: “هەوڵدان بۆ ڕێککەوتنەکەی نێوان یەکێتی و گۆڕان، بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی هێز لە بەرانبەر پارتیدا، بەو مانایە نییە کە دەتوانن پەرلەمان کارا بکەنەوە و ببنە خاوەنی دەنگی زیاتر و بتوانن پارتی وەلا بخەن، چونکە نە پەرلەمان کارا دەکرێتەوە، نە ئێستا دەتوانن هیچ کارێک بۆ هەڵبژاردن بکەن”.
سکرتێری ئەو پارتە باسیشی لەوە کرد: "پارتی لە ڕێگەی پەرلەمان و هەڵبژاردنەوە لاواز ناکرێت، بەڵکو ئەم ڕێککەوتنەی گۆڕان و یەکێتی خۆئامادەکردنێکە بۆ ئەو گۆرانکارییانەی کە بەدوای نەمانی داعش لە ناوچەکەدا لە سایەی دەور و کێشمەکێشی نێوان وڵاتانی زلهێزی دنیادا پێش دێت، ئەم جۆرە یارییە قومارێکی گەورەیە کە گۆڕان و یەکێتی دەیکەن، چونکە لە پەیوەند بەو شێوە پاشکۆیەتییەی پشتی پێ دەبەستن لە دەوری ڕووسیا و ئێران، ناتوانن سەرکەوتنیان مسۆگەر بکەن”. ئەوەشی دووپات کردەوە کە ڕێککەوتنەکە ترس و دڵەڕاوکێی لەناو خەڵکدا دروست کردووە، چونکە: “وەک تەواوی سیاسەتەکانی پێشووی حزبەکانی کوردستان، ئەگەری ئەوە هەیە کارەسات بەدوای خۆیدا بهێنێت".
باسنيوز
