سۆفی: حكوومەت چەند گۆڕانكارییەك دەكات

سۆفی: حكوومەت چەند گۆڕانكارییەك دەكات
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان چەند گۆڕانكارییەك دەكات، ئەو گۆڕانكاریانەیش بە هەماهەنگیی حكوومەت و سەرۆكایەتیی هەرێم دەبن.

(فرسەت سۆفی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "زانیاریی ئەوەمان لە حكوومەتەوە پێ گەییشتووە كە بڕیارە حكوومەت چەند گۆڕانكاریەكی ئیداری و حكوومی ئەنجام بدات لە دەزگا گرینگەكان و پۆستە ئیدارییەكاندا، بەمەیش چەند كەسێكی دیكە دەهێندرێن كە ماندوون و شارەزان و دەهێندرێنە شوێنی ئەو كەسانەی كە تێوە گلاون لە گەندەڵی، ئەوەیش بەشێكی گرینگە لە پرۆسەی چاكسازی."

(سۆفی) گوتیشی: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان ماوەیەكە دیراسەی ئەو گۆڕانكاریانە دەكات و بڕیار وایە ئەم نوێكارییە بخرێتە واری جێبەجێكردنەوە، لە میانەی بەرنامەی چاكسازیی حكوومەت و چاكسازییەكانی (مەسعود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا، ئەو گۆڕانكاریانە ئەنجام دەدرێن، خەڵك هەیە (١٥) بۆ ( ٢٠) ساڵە لە پۆستەكەیدایە، لەوانە هەیە خۆی بێتاقەت بووە لەو بەرپرسیارەتییە، هەیشیانە لە گەندەڵی تێوە گلاوە، بۆیە خەڵكی نوێ دەهێندرێتە جێگایان."

ئەمەیش لە كاتێكدایە، رۆژی (١٠/٢/ ٢٠١٦)، (سەرۆك بارزانی) وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان، چەند بڕیارێكی بۆ ئەنجامدانی چاكسازی دەركرد، لە (٩/ ٦/ ٢٠١٦)ـیش لە راگەیاندراوێكدا سەرۆكایەتیی هەرێم بەشێك لە بڕیار و هەنگاوە چاكسازییەكانی (سەرۆك بارزانی) بڵاو كردەوە.











KDP
Top