دیندار زێباری: پێشوازی لە راپۆرتی دەستەیی لێکۆڵەری نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین
لەم بارەوە د. دیندار زێباری سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند: ئێمە وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە هەر هەوڵێک دەکەین کە لە هەر لایەنێکی نێودەوڵەتییەوە بدرێت سەبارەت بە جینۆساید ناساندنی ئەو کارەساتەی بەرامبەر بە کوردانی ئێزیدی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە ئەنجامدراوە.
زێباری ئاماژەی بە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد سەبارەت بە رزگار کردنی ئەو هاووڵاتییە ئێزیدیانەی کە لەلایەن داعشەوە رفێندرابوون و لەم بارەیەوە وتی: دوای داگیر کردنی داعش و ئەو کارەساتەی رووبەرووی کوردانی ئێزیدی بوویەوە سەرۆکایەت حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی خۆی خستە گەڕ بۆ یارمەتیدانی کوردانی ئێزیدی بەتایبەتی ئەوانەی لەلایەن داعشەوە رفێندرابوون بۆ ئەم مەبەستەش لە رۆژی 25/11/2014 لێژنەیەكی دامەزراند بۆ كۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون لە كەیسی ئافرەتە ئێزیدییە رفێندراوەكان و بودجەیەكی تایبەتی تەرخان كردووە بۆ ئازاد كردنیان و لە چوارچێوەی ئەم هەوڵانە تا رێکەوتی ٢٤/3/2016 ئەوانەی رزگارکراوەکان بەم شێوەیە بوو: (٢٥٧٥) کەس لەوانە (٩٣٠) ئافرەت و (٣٢٥)پیاو، (٦٥٣) منداڵ کچ و (٦٦٧)منداڵی کوڕ و هەوڵەکانیش بەردەوامن بۆ رزگار کردنی ئەوانەی لە دەست داعش ماون، هەروەها دوای ئازاد کردنیشیان حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاری زۆری ئازادکراوەکان دەکات بەتایبەتی ئافرەتەکان کە دووچاری حاڵەتێکی دەروونی سەخت بوونەتەوە بۆ دووبارە شیاندنەوەیان و دەستپێکردنی ژیانی ئاسایی خۆیان.
سەبارەت بە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ بە جینۆساید ناساندنی کەیسەکە زێباری وتی: حكومەتی هەرێم لێژنەیەكی دامەزراندووە كە پێكهاتووە لە نوێنەرانی وەزارەتە پەیوەندیدارەكان شەهیدان و ئەنفالكراوەكان، كارو كاروباری كۆمەڵایەتی، فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و نوێنەری یاساناسی ئێزیدییەكان.ئەركی سەرەكی ئەم لێژنەیە كۆكردنەوەی زۆرترین بەڵگە و دوكیۆمنتە لەسەر تاوانەكانی داعش و تا ئێستاش بە هەزاران بەڵگە لەسەر ئەم تاوانە كۆكراونەتەوە، هەروەها چەندین لێژنەی لاوەكی دامەزراوە لە ناوەوە و دەرەوەی كوردستان لە ئەمریكا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا، یەكێتی ئەوروپا ئەم لیژنانە دەستیان بە كارەكانیان كردووە بۆ ناساندنی ئەم كەیسە وەك جینۆساید. و پێشكەش كردنی بەڵگە پەیوەندیدارەكان بۆ دادگای باڵای تاوانی نێودەوڵەتی لە لاهای.
شایەنی باسە رۆژی ١٦/٦/٢٠١٦ دەستەیەکی لێکۆڵەری نەتەوە یەکگرتووەکان و تێیدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو کارانەی داعش بەرامبەر بە ئێزیدییەکان ئەنجامیداوە لە کوشتن و رفاندن و بێسەروشوێنکردن و فرۆشتنی ئافرەتانیان ئامانج لێی قڕ کردن بووە و داوا وڵاتە زلهێزەکان دەکات کە هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ ئازادکردنی ئەو ئێزیدیانەی ئێستاش لە دەست داعش ماون، هەروەها داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات کە ئەم کەیسە ئیحالەی دادگای نێودەوڵەتی لە لاهای بکات .
