تورکیا لە یەکێتی نیگەرانە و لە ڕێگای وەزارەتی دەرەوە ئاگاداری دەکاتەوە

تورکیا لە یەکێتی نیگەرانە و لە ڕێگای وەزارەتی دەرەوە ئاگاداری دەکاتەوە
بەهۆی شێوازی مامەڵەکردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرامبەر بە هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، تورکیا لە یەکێتی نیگەرانە و لە ڕێگای وەزارەتی دەرەوە، ئەو حزبە ئاگادار دەکاتەوە.



بەپێی زانیارییەکان، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا داوای لە یەکێتی کردووە، کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدەن کە تێیدا چاوەڕوان دەکرێت، تورکیا ئاگادارکردنەوە بەو حزبە بدات.



ئەمە لە کاتێک دایە کە پەیوەندیی نێوان یەکێتی و تورکیا لە دۆخێکی خراپ دایە، لەمبارەیەشەوە ڕێباز بێرکۆتی، سەرۆکی لیستی سەوز لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، ڕاگەیاندووە: ”ھەندێک جار بەھۆی دۆخی باکوورەوە، پەیوەندییەکان گرژییان تێ دەکەوێت، بەڵام ئێمە بەهرۆز گەڵاڵی، نوێنەرمان لە تورکیایە و ئۆفیسی سەرەکیمان لە ئەنقەرەیە، لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندیی تورکیا و یەکێتی پەیوەستە بەو گرژی و ئاڵۆزییانەوە کە لە باکووری کوردستاندا ھەیە“.



جەختیشی لەوە کردەوە کە تورکیا لە شێوازی هاوکارییەکانی یەکێتی بۆ پەکەکە و پەیەدە نیگەرانە. گوتیشی: ”ئەگەر تورکیا نوێنەرایەتییەکەمان بنێرێتەوە، یان ئێمە نوێنەرایەتییەکەمان کشانەوە، ئەوا مانای وایە کە گەیشتووینەتە دۆخێکی زۆر خراپ، ھێشتا نەگەیشتووینەتە ئەو دۆخە، چونکە تورکیا وڵاتێکی زۆر گرنگە لەسەر مەیدانەکە و ھەرێمی کوردستان کۆمەڵێک بەرژەوەندیی ئابووری و دەروازە و شوێنی گرنگمان ھەیە، بۆیە یەکێتی بە گرنگییەوە دەڕوانێتە رۆڵی تورکیا“.



بە بڕوای ڕێباز بێرکۆتی، یەکێک لە هۆکارەکانی خراپیی پەیوەندیی نێوان یەکێتی و تورکیا، نەخۆشییەکەی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتییە. دەشڵێت: ”ئەگەر تاڵەبانی بمایە لە گۆڕەپانی سیاسیدا، پەیوەندیی تورکیا و یەکێتی، پارتی و یەکێتی باشتر دەبوو“.



پێشتر سەبارەت بە هەمان پرس، ڕێبوار تەها، پەرلەمانتاری یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕاگەیاندبوو: ”مانەوەی نوێنەری یەکێتی لە تورکیا و نوێنەرایەتییەکەمان لەو وڵاتە، بەو مانایە نایەت کە ئێمە پێشێلکارییەکانی تورکیامان قەبوڵ بێت، بەڵکو هەوڵ دەدەین لە ڕێگای بەهرۆز گەڵاڵییەوە، گلەیی و گازاندە بە تورکیا بگەیەنن، وەک ئەو گوتی“. داواشی لە تورکیا کرد، چاو بە سیاسەتی خۆیدا بەرامبەر بە کوردانی باکوور و ڕۆژئاوا بخشێنێتەوە. دەشڵێت: ”یەکێتی هۆشداری بە تورکیا داوە و بەردەوامیش دەبێت لە پشتیوانیکردنی یەپەژە و یەپەگە، چۆن هاوکاریان بووە لە ناردنی چەک و تەقەمەنی، ئاواش هاوکاریان دەبێت لە هەموو پرسەکاندا”.






باسنیوز
Top