هەڕەشەی تیرۆرکردن لە سەرکردەکانی ئەنەکەسە دەکرێت
بەپێی ئەو بەیاننامەیەی کە وێنەیەکی کەوتووە و لە لایەن بڵاو کراوەتەوە، ئەوە ئاشکرا کراوە کە ئەو ڕێکخراوەکەیان ناوی (ڕێکخراوی چوارچرای چەکداری)یە و ئاماژەیان بەوە داوە: ”گەلی کورد لەگەڵ سەرجەم پێکهاتەکانی سووریا هاوسۆزە، خوێنێکی زۆریشی لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە کوردستانی ڕۆژئاوا داوە، بەڵام دەستتێوەردانی هەرێمی و نێودەوڵەتی و هەواڵگریی وڵاتانی تورکیا و ئێران و سووریا، لە کاتێکدا هەر ئەو وڵاتانە گرووپە توندڕەوەکان بۆ لەناوبردنی گەلی کورد پڕچەک دەکەن، بۆیە لەسەر کورد پێویستە بۆ بەرگریکردن لە خۆی، چەک هەڵبگرێت“. ئاماژەیان بەوە داوە کە تیرۆرکردنی سەرکردەکانی وەک عیسا حەسۆ، مشعەل تەمۆ، نەسرەدین بەرهەک و ئەوانی دیکە، بەشێک بووە لە پیلانەکان.
ئەو ڕێکخراوە چەکدارییە لە بەیاننامەکەی خۆیدا ئەوەی ئاشکرا کردووە کە دوای دروستکردنی کانتۆنەکانی پەیەدە، هەندێک کەس پۆستەکانیان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکار هێناوە و هەندێکی دیکەش، پرسی سەربازیکردنی زۆرەملێیان بۆ بەرژەوەندیی تایبەت قۆستووەتەوە، ئەمەش بە شێوەیەکی نەرێنی کاریگەری لەسەر دۆزی کورد لە کوردستانی ڕۆژئاوا دەبێت.
هەر لەو بەیاننامەیەدا کە ڕێکخراوی چوارچرای چەکداری ڕای گەیاندووە: “ئێمە لە ڕێکخراوی چوارچرای چەکداری، هیچ جووڵەیەکی چەکداریمان تاوەکوو بڵاوکردنەوەی ئەو بەیاننامەیە نەکردووە، بەڵام دوا دەرفەت بە کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا و ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا (ئەنەکەسە) دەدەین، بۆ ئەوەی بە هەڵوێست و هەڵسوکەوتەکانیاندا بچنەوە. دەشڵێن: ”ئەگەر وانەکەن، ئەوان ناچارین ئەو گەندەڵ و سیخوڕانە بە ڕێگای تایبەتیی خۆمان لەناو ببەین، دەستیشمان بە هەموویان دەگات”.
هەرچەندە لە بەیاننامەکەدا چەند جارێک ناوی کانتۆنەکانیش هاتووە، بەڵام چاودێران پێیان وایە کە پێکهێنانی ئەو ڕێکخراوە چەکدارییە، بەشێکی دیکەیە لە ناکۆکییەکانی نێوان پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) و ئەنەکەسە و مەترسیی ئەوەشیان هەیە کە ئەمە ڕێگایەکی پەیەدە بێت بۆ لەناوبردنی نەیارەکانی، چونکە لە بەیاننامەکەشدا بەهیچ شێوەیەک ناوی پەیەدە نەهێندراوە.
باسنیوز
