محەممەد حاجی مەحموود: یەکێتی بچێتە سەنگەری گۆڕان کارەسات روودەدات

محەممەد حاجی مەحموود: یەکێتی بچێتە سەنگەری گۆڕان کارەسات روودەدات
سکرتێری گشتیی سۆسیالیست دەڵێت ئەگەر یەکێتی بەرامبەر پارتی بچێتە سەنگەری گۆڕان کارەسات روودەدات، بۆیە بەپێویستی دەزانێت گۆڕان فشار نەخاتە سەر یەكێتی.
محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری گشتیی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، لەبارەی هەوڵەکان بۆ لێکنزیککردنەوەی گۆڕان و پارتی رایگەیاند "من پێموایە خاڵە هاوبەشەکان زۆرترن لە خاڵە ناکۆکەکان".
لەبارەی شەڕی راگەیاندنی نێوان گۆڕان و پارتی، محەممەد حاجی مەحموود گوتی "ئەمە شتێکی ناخۆش و چاوەڕواننەکراو بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵەکان بەردەوام بوون، ئەمڕۆش لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ شاندی هاوبەشی یەکێتی و گۆڕان تەئکیدمان لەسەر ئەوە کردەوە، چۆن یەکێتی نیشتمانیی کوردستان پێشتر بێلایەن بووە، حەق وایە بزووتنەوەی گۆڕان رەچاوی یەکێتی بکات، یەکێتی نەخەنە ژێر فشاری رێککەوتنەکەیان".

سکرتێری گشتیی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، بەپێویستی دەزانێت بزووتنەوەی گۆڕان "مەجالی یەکێتی بدات، چونکە تاکە نەفەسێک ماوەتەوە لەوێوە دەکرێت چارەسەری کێشەکان بکرێت، ئەگەر یەکێتی ببێتە تەرەف و لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان بەرامبەر پارتی بچێتە سەنگەر، بەدڵنیاییەوە کارەسات روودەدات، بەڵام ئەوەی من هەستم پێیکردووە، یەکێتی هەوڵی چارەسەری نێوان گۆڕان و پارتی دەدات".

هەر لەسەر ئەو شەڕە راگەیاندنەی لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا لەنێوان گۆڕان و پارتی کرا، محەممەد حاجی مەحموود پێیوایە "راگەیاندن چەکی دەستی حیزبە، حیزب چی پێ بڵێت وادەکات، راگەیاندن وەک تفەنگێک وایە چۆنی بووێت لوولەکەی ئاراستە دەکات".

سکرتێری گشتیی حیزبی سۆسیالیست دەشڵێت "لەماوەی 25 ساڵی رابردوودا راگەیاندنەکان لە کوردستاندا هەمیشە هەندێکیان هاندەر بوونە بۆ شەڕ، بەداخەوە زۆرجار نووسەر و شاعیرەکانیشمان هانی خەڵکیان داوە بۆ شەڕی ناوخۆ، بۆیە دەبێت بیر لەوە بکرێتەوە راگەیاندن لە خزمەتی خەڵک و پەروردە و پێگایەندن و تێگەیاندن بێت، بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان هوشیار بکاتەوە".

محەممەد حاجی مەحموود پێیوایەزۆرتر دەڵێت "ئەندام پەرلەمانێک، بەرپرسێک، ئەندامی سەرکردایەتی حیزبێک بەو شێوزارە قسە بکات، لە راستید مرۆڤ شەرم دەکات لەم وڵاتەش بێت، بۆیە پێویست دەکات لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان و لەئاستی رووداوەکان بین".



رووداو
Top